سۆشیال مێدیا و ئەرکی نەتەوەیی

شێرکۆ حەبیب

سوشیال مێدیا ئەرکێکی گرنگی و نیشتمانی هەیە، ئەویش خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نیشتمان و هەوڵەکان بۆ بەرگریی و دابینکردنی مافەکانی میللەت، چونگە بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت سوشیال مێدیا زۆر بەفراوانی بڵاو و تەشەنەیان کردووە، هەیە بە سوودە لەگەڵ ڕێنمایەکانی نیشتیمانی گونجاوە و بەرگری لە مافی میللەتێکی زوڵم لێکراو دەکات، و هەشە بەو پەڕی توانا دژایەتیی بەهاکانی نیشتمان دەکات و زیان بە دۆز و داب و نەریتی کورد دەگەیەنێ.
زۆر ماڵپەر لە سوشیال مێدیا هەیە خاوەنەکەی تەنانەت ناوی ئاشکرا نییە، یا ئەوەتا وێنەی یەکێک لە سەرکردەکانی داناوە یا کەسانی تر لەم حزب و ئەو حزب بەو مەبەستە بۆ چوونەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو حزبەیە، بە بۆچوونی من هەندێک لەوانە هیچ پەیوەندیان بە بیروڕای ئەو بەڕێزانە نییە دوور و نزیک بەڵکو هەندێ جار هەواڵ و بۆ چوونی وا بڵاو دەکەنەوە دوورن لە ڕاستی ئەمەش هەندێکیان بۆ ئەوەیە دژایەتی پارتی بکەن.
ئەوەی وێنەی ئەو زاتانە بڵاو دەکاتەوە یا هەر کەسایەتیەکی دیکە دەبێ باوەڕی بە خەبات و تێکۆشانی ئەوان هەبێت و ئەگەر لە خۆشەویستیی ئەوانە دەبێ لەسەر ڕێباز و خەبات و بۆ چوونی ئەوان لا نەدات. خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە هەر سەرکردەیەک دەبێ لە ڕەفتار و ڕەوشتی ئەوان لانەدات و چەند ئەوانت لا خۆشەویست و بەرێزە دەبێ لەسەر هەمان خۆشەویستی ئەوان خزمەتی میللەتەکەت بکەی گرنگ نییە وێنەی ئەوان بکەیتە پرۆفایل وێنەیەکی گەورە بەڵکو ڕێبازی ئەوانت خۆش بووێ.
لیوا شاکر مەحموود عەززاوی پاسەوان (مرافقی)ی عەبدولکەریم قاسم بوو، دەگێرێتەوە و دەڵێ “شەوێکیان کاتژمێر دووی بەرەبەیانی بوو تەلەفۆنی بۆ کردم (مەبەستی عەبدولکریم قاسم)ـەکە بچم بۆ لای کە چووم گوتی با گەڕانێک بکەین بەناو شار، دەڵێ چووینە ناوچەی بەتاوین و لەوێ سەردانی فڕنخانەیەکی سەموونی کرد، کە بینی سەموونەکە بچووکە و کێشەکەی کەمە لە خاوەن فڕنەکەی پرسی بۆ ئەو سەموونە وا بچووکە؟ دەڵێ خاوەن فڕنەکە لە وەڵامدا گوتی گەورەم بەڕێوەبەری دانەوێلە بەشە گەنمی تەواومان ناداتێ، بۆیە سەموونەکەمان بچووک کردۆتەوە. لیوا شاکر لە درێژەی ئاخافتنەکەی دەڵێ کە هاتینە دەرەوە وێنەیەکی گەورەی خۆی بینی لەسەر سەموونخانەکە هەڵواسرابوو؛ پرسی ئەو وێنە گەورە بۆ هەڵواسراوە؟ دەڵێ خاوەن فڕنەکە گوتی گەورەم چونگە تۆمان خۆش دەوێ! دەڵێ عبدولکریم گوتی وێنەکەی من بچووک بکەوە یا دایبگرە و سەموونەکە گەورە بکە و ئەو خۆشەویستیە با بۆ میللەت بێت”
مەبەست لێرە گرنگ نییە وێنەی ئەو سەرکردە و ئەو کەسایەتیانە هەڵواسین بەڵکو گرنگ ئەوەیە بەهەڵسوکەوت و ڕێبازی ئەوان کار بکەین و خزمەتی میللەت و وڵات بکەین. چونگە وێنەی ئەوان لە نێو دڵی هەموو دڵسۆزێکە، وێنەیەک لە نێو دڵ بێت مەحاڵە لەیاد بچێت .
لێرەدا گرنگە هەواڵی نا دروست بێبنەما بڵاونەکەنەوە. خۆ هەر حزبە وتەبێژی فەرمی خۆی هەیە هەروەها حکوومەتیش وتەبێژی هەیە. بۆیە گرنگە هەواڵ و لێدوانی ئەوان بەهەند وەربگیرێ
کورد دەڵێ نان بۆ نانەوا گۆشت بۆ قەساب.
میسرییەکان دەڵێن نان بدە ئەوانەی دەیبرژێین ئەگەر نیوەیشی بخۆن ( ادی العیش لخبازینە، ولو یاکلوا نصفها).

ھەواڵی زیاتر