سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدی شەڕەكەی چیای قەرەچوغ موقەدەم پوشۆ خالید دەكات.
رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە خانەوادەی شەهید موقەدەم پوشۆ خالیدەوە دەکات و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی پێڕاگەیاندن.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەووەتەوە، “موقەدەم پوشۆ خالید دوای برینداربوونی لە شەڕەکەی چیای قەرەچوغ و چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەكەمی 2023) سەرۆك مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی شەهید پوشۆ خالید كرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی بە خانەوادەکەی راگەیاند”.
ئێوارەی رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێک لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان شەڕە تەقە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچووغ روویدا و بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوام بووە و دواتر دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادەی پێشمەرگە، دوای سێ رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوغ، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
دوای شەهیدبوونی موقەدەم پوشۆ خالید، ژمارەی شەهیدەکانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەرزبووەوە بۆ چوار شەهید.