لە 6/11/2023، لە گەلەری (art 3) لە شاری ڤینا وڵاتی نەمسا پێشانگایەك بە درووشمی “هەموو ژنێك ناوی هەیە” دەكرێتەوە. پێشانگاكە لە لایەن كۆاتۆر و هونەرمەندی بەناوبانگ (فایەق رەسوڵ)ـەوە رێك دەخرێت.
فایەق رەسوڵ لەم بارەیەوە رایگەیاند: “پێشانگاكە تایبەتە بە دژایەتی هونەر بۆ جەنگ و توندوتیژی دژی ئافرەتان، ئەوەی گرنگە كارەكانی دوو خانمی كورد لەم پێشانگایە نمایش دەكرێن، بەشداربوونی كارەكانیشیان گرنگیەكی تایبەتیان هەیە لەم كاتەدا، چونكە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە جیهان زۆر زیادیكردووە”.
رۆژان فەهمی، یەكێك لەو خانمە هونەرمەندانەیە كە كارەكانی لەو پێشانگایە نمایش دەكرێن، ئەو لە ساڵی 1991 لە چەمچەماڵ لە دایكبووە. ئەو دەڵێت: “هونەر بۆ من هەموو شتێكە تابلۆكانم زمانی منن بۆ داكۆكیكردن لە خۆم لە كۆمەڵگایەكی باوك سالاریدا كە دوو جار من تێدا تاوانبارم جارێك وەك ژن جارێكی تر وەك هونەرمەند من كە وێنە ئەكێشم هەست ئەكەم وەك كاتی مناڵی ئازادام و یاری بە رەنگەكان ئەكەم”.
خانمێكی دیكەی کورد بە ناوی سنوور لەو پێشانگایەدا كارەكانی نمایش دەكرێن و ئەو خانمە لە ساڵی1986 لە شاری مەهاباد لەدایكبووە، فەلسەفەی لە زانكۆی تەبریز تەواو كردووە، هونەرەكەی سنوور رەنگدانەوەی ژیانە پڕ لە كارەساتەكەیەتی، فیگورەكانی سنوور بێ ماسكن ئەو هەر لە گەنجیەوە ئاشنا بوو بە كافكاو دۆستۆفسكی و هاملێت، چونكە پێی وایە ئەوان زیاتر ناخی مرۆڤ ئەناسن.
سنوور دەڵێت: “یەكەمجار كاتێك بە راشكاوی لە بەرامبەر كانڤاسی نیگاركێشان دانیشتم و یەكەم تابلۆی جیدیی ژیانم كێشایەوە و سەیری نیگارەكەم كرد، دەتگوت دەڕوانمە خۆم، دەڕوانمە هەموو ژنانی ژیانم، هەمان ئەوانەی كه قوربانی بێ ناونیشانی جیهانی پیاوسالارانە بوون و ناویان له هیچ ئامارێكدا ئاماژەی پێنەكرابوو”.