ڕائیب جادر – هەولێر
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەزاران عەرەبی ھاوردە ھاتوونەتە شاری کەرکووک و زەوییان پێدراوە بۆ ئەوەی خانوو بەشێوەی زێدەڕۆیی دروست بکەن، پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی شارەکەش خانووە زێدەڕۆییەکان بەسەر عەرەبی ھاوردە تاپۆ دەکات.
لەبەر نالەباری باری ئەمنی شارەکە ڕۆژانە دەیان خێزانی کەرکووک و دەوروبەری ناوچەکە بەجێ دێڵن و ڕوو لە ناوچەکانی کوردستان دەکەن، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەوەکالەت زیاتر لە سەد و پەنجا پۆستی باڵای ئەمنی و ئیداری لە شارەکە لەژێر دەستی کورد دەرھێناوە.
ھۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنیی کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ھێزەی خەڵکی کەرکووک دەپارێزێت، ھێزی ھەموو پێکھاتەکان نییە و ھێزی یەک پێکھاتەیە و بەرگریی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان ناکات، بۆیە خەڵک داوا دەکات پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بگەڕێنەوە شارەکە، خەڵکەکەش ھیوادارە بارودۆخی شارەکە بگەڕێتەوە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە چوار سەد و پەنجا ھەزار دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای کەرکووک ھەڕەشەی تەعریبکردنی لەسەرە، خەڵکی ئەو سنوورە چاویان لەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فریای ئەو ناوچانە بکەوێت.
لەو کاتەی ڕاکان سەعید، بووەتە پارێزگار بەشێکی زۆری زەوی نیشتەجێبوونی لە کەرکووک بەسەر عەرەبە ھاوردەکاندا دابەش کردووە، چەند جارێکیش زەوی بەسەر تورکمانە شیعەکاندا دابەش کردووە، دابەشکردنی زەوی بەسەر حەشدی عەشایری لە کەرکووک تەعریبێکی ئاشکرایە و پێشتریش زەوی بەسەر حەشدی شەعبی دابەش کراوە.
حەسەن شێخانی، کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: لە خوارووی کەرکووک چەند گەڕەکێک بە زێدەڕۆیی دروست کراون و بەسەر عەرەبی ھاوردە تاپۆ دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە گەڕەکە کوردییەکان وەکو گەڕەکی کوردستان و پەنجا عەلی خانووەکانیان تاپۆ نەکراوە، ئەوەش بۆتە جێگەی نیگەرانی خەڵکی شارەکە.
کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: گەڕەکە کوردییەکان لە دوای ٢٠٠٣ دروست کراون، کەچی فەرامووش کراون و ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەو گەڕەکانە نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ھێشتا گەڕەکەکانی عەرەبە ھاوردەکان تەواو نەکراون ڕێگەوبانیان لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزارییان بۆ کراوە.
حەسەن شێخانی، کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، ئاشکراشی کرد: پارێزگاری بەزۆر سەپێنراو خۆی خەڵکی حەوێجەیە، ھەموو پڕۆژەیەکی بۆ ئەو شوێنانە بردووە ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی ئەو ناوچانە ھەموو عەرەبی ھاوردەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پێشە و ئەوەی ئەو پارێزگارە دەیکات بانگەشەیە بۆ ھەڵبژاردن.