باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە فیزا بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، پێشی وایە نەتەوە یەکگرتووەکان پاساو بۆ هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەهێنێتەوە.
دوای لێدوانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، جەلعاد ئیردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگەیاند، بەهۆی لێدوانەکەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، رەتی دەکەینەوە فیزای چوونە ژوورە بدەینە ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وەک پێشتر رەتمان کردەوە رێگەی چوونە ژوورەوە بە مارتن گریفیت جێگری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مرۆیی بدەین
گۆتێرێس پێشتر رایگەیاندبوو، هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل “لە خۆڕا نەبووە”. گوتیشی، فەڵەستین رووبەڕووی 56 داگیرکاریی بووەتەوە.
گۆتێرێس لە چوارچێوەی ئیدانەکردنەکانیدا بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە غەززە، داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کردبوو.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی “زریانی ئەقسا”یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.