لەگەڵ فراوانبوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیادبوونی کارگە، ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکە دروست دەکرێت، ئەو ناوچەیە سەد و چل کارگە و بە سەدان کۆگا لە خۆ دەگرێت. بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە، ھەشت سەد دۆنم زەوی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بۆ دابین کراوە و دەرفەتی کار بۆ پێنج ھەزار کەس دەڕەخسێنێت.
زاخۆ ناوچەیەکی سنوورییە و بە سەدان کارگە و کۆگای لێیە، ڕۆژانە بە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل زیاتر لە ھەزار ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی لە نزیک دەروازەکە بووژانەوەیەکی ئابووری و بازرگانی پەیدا دەبێت.
دەروازەی ئیبراھیم خەلیل پێنج کیلۆمەتر لە زاخۆ دوورە، خاڵی بەیەکگەیشتنی تورکیا بە ھەرێمی کوردستان و عێراقە و وەک بڕبڕەی پشتی ئابووری ھەرێم ناسراوە، ئەمساڵ کۆرنیشی زاخۆ کرایەوە و بەتەواوکردنی بەشی دووەمی دەبێتە درێژترین کۆرنیشی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ٢٨ـی مانگی تەممووزی ٢٠٢١ بڕیاریدا، سۆران و زاخۆ و قەزاکانی دەوروبەریان بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بگرنەبەر.
ڕۆژی ٢٠-٩-٢٠٢١ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری دھۆک و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ڕێوڕەسمێکدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە فەرمی ڕاگەیێندرا.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، بە دروستکردنی ناوچەیەکی لەو شێوەیە ئەو کەلوپەلانەی لەو کارگانە دروست دەکرێن. بەوەش بۆ ھەموو ناوچەکانی عێراق ھەتا دەرەوەش ڕەوانە دەکرێن، لەگەڵ ئەوەش پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بناغەنە بۆ پێشخستن و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕایگەیاند: کار لەسەر کراوە و لە نزیکترین کاتدا بەردی بناغە بۆ ناوچەی پیشەسازی دادەنرێت، کە ئەوە گرنگترین پڕۆژەی ستراتیجییە، نزیکەی سەد و چل کارگە و بە سەدان کۆگا لە خۆ دەگرێت، ئەو کارگانە دەتوانن دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە پەیدا بکەن.