هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

محه‌مه‌د شیاع سوودانی: ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕالی له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شێكی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی تایبه‌ت كرد به‌ هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌مانه‌ و بۆ دوو مانگی تر بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرین.

ڕاشیگه‌یاند: دوای ناردنی ئه‌و دوو 700 ملیار دیناره‌، له‌ مانگی 12ی ئه‌مساڵ پاكتاوی دارایی ده‌كرێت و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و پاكتاوییه‌ ته‌واوی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا ڕه‌وان ده‌كرێت.

سوودانی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دیوانی چاودێری هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌مزووانه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ ئاماده‌ كراوه‌ ‌ سه‌باره‌ت به‌ وردبینی لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: له‌ عێراق و توركیا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه ئێستا ته‌نیا‌ كێشه‌ی كۆمپانیاكانیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئه‌وانه‌ی‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای چاره‌سه‌كردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 30 رۆژدا ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌كرێته‌وه‌