هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئاسایشی دهۆك ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر راده‌گه‌یه‌نێت

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنێكدا هێزه‌كانیان توانیویانه‌ سێ بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ ناوه‌كانی (ر.ع.ی)، (ر، ا، ا) و (ا، خ، س) ده‌ستگیر بكه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، تۆمه‌تباره‌كان له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ستگیكردنیان، هه‌وڵیان داوه‌ له‌ ده‌ست هێزه‌كانی ئاسایشدا هه‌ڵبێن و ته‌قه‌یان كردییه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی ئاسایش ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتنیان پێ نه‌داون و توانیویانه‌ هه‌رسێكیان ده‌ستگیر بكه‌ن، كه‌ بڕێك مادده‌ی هۆشبه‌ریشیان پێ بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا توانراوه‌ دوو ده‌مانچه‌ و كڵاشینكۆفێكی بێمۆڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك باسی له‌وه‌ش كردووه‌، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ هه‌ر سێ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌پێی مادده‌ی ژماره‌ 26ـی یاسای نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.