پارتی و گۆڕان جەخت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، “لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەردوولا کۆکبوون بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی قۆناغەکە”.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان، لەنێویاندا مووچەی مووچەخۆران و، باشترکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان.
شاندی بزووتنەوەی گۆڕان لە عومەر سەید عەلی، مستەفا سەید قادر، ئاسۆ رەحیم، کاردۆ محەممەد، دلێر عەبدولخالق و بەختیار ئەولی پێکهاتبوو و، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێکهاتبوو لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، مەحموود محەممەد، جەعفەر ئیمێنکی و پشتیوان سادق.