مەزهەر کەریم – سلێمانی
سوبحی مەهدی، وتەبێژی حیزبی شیوعی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: دەوڵەتی عێراق بەسەر وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دابەشبووە ململانێیی مەزهەبی و تایفی تێدایە. دەشڵێت: ئەم دەوڵەتە باوەڕیی بەدیموكراسی نییە.
- بڕیارەكانی دادگایی فیدڕاڵی بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن ؟
- دادگایی فیدڕاڵی لەژێر کاریگەریی مەزهەبیدا بڕیار دەدات، كە زۆرینەی شیعە و كەمینەیەكش سوننەن. زۆرینەیەكی عەرەبی شیعی لەژێر ئەمری بەرپرسەكان و كەمینەیەكی سوننەش هەركات بیانەوێت فشار بخەنە سەر هەرێم، ئەم دامەزراوەیە بەكاردەهێنن هەرچەندە دامەزراوەیەكی یاسایی و دەستووریە، بەڵام بڕیارەكانی سیاسین لەئێستادا بڕیارەكانی بەكاریدەهێنن دژیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
- حکوومەتی عێراق زانیاری تەواوی دەربارەی مووچەی فەرمانبەران پێدراوە بۆچی ڕەوانی ناکات؟
- ئەوە بەهانەیە تا داهات و پشكی هاووڵاتیانی هەرێم نەنێرن. لەلایەكی دیكەوە داهاتی عێراق بەپێی نەتەوە و شوێنی جوگرافی دیاریی نەكراوە، بەداهاتی هەموو گەلی عێراق دیاری كراوە ئەمەش هەڵەیەكی كوشندەیە لەدەستووردا .
- ئەو هەوڵانە چۆن دەبینن بۆ ئەوەی بەغدا ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات؟
- لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئەو هەڵسووكەوتەی لەبەغدا دەبینرێت بەرامبەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و مووچە خۆرانی هەرێم ئەوە دەسەلمێنێت بەغدا مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم نادات بە هیچ ڕێگایەک.
*بۆچی لایەنە کورستانییەکان لە بەغدا بەو شێوەیە ناکۆکن؟
- هەر هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان دڵسۆزی هەرێم بێت دژایەتی قەوارەی هەرێم ناكات. ئەوەی دەكرێت ململانێی ناشرینە كە براوەتە بەغدا لەلایەن هەندێك لایەنەوە كە لایەنی نەیاریی كورد لێی سوودمەند دەبێت لەبەغدا.
- حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا دەبێت چی بكات بەرامبەر بەغدا؟
- دەبێت حكوومەتی هەرێم سۆز و پشتوانی هاووڵاتیانی هەرێم ڕابكێشێت لەبەرامبەر بەدەستهێنانی مافە دەستووریەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، ڕاستیەكان بە شەفافی بەخەڵك بگەیەنێت، وەفدی پسپۆڕ و بەتوانا بنێرێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ تا مافەدەستووریەكانی هاووڵاتیانی هەرێم بەدەستبهێنن.
- بەغدا مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم دەدات ؟
- دەوڵەتی عێراق باوەڕیی بە دیموكراسی نییە، بەسەر وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دابەشبووە، ململانێی تایفی و مەزهەبی و ئایینی هەیە بۆیە چاوەڕێی ئەوە ناكرێت مافەكانی خەڵكی كوردستان لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەش بەهاووڵاتیانی كورد بكرێت و ناشیكەن.
- پێویستە حزبە كوردستانیەكان لەم دۆخەدا چی بكەن؟
- پێویستە لەم قۆناغەدا چاو بەهەموو كەلێنەكانی ژیانی سیاسی كوردستاندا بخشێنرێتەوە، چونكە ئایندەیەكی مەترسیدار لە پێشمانە دەبێت بەهەموومان خۆمانی بۆ ئامادەبكەین .