ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ له ته‌لاری په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاسای چه‌كی له هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرد.
ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه: بە مەبەستی تاوتوێکردن و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی د. ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د. ڤاڵا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، لە ھۆڵی پڕۆتوکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان لێژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنه خۆجێیەکان، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا كه سه‌رۆك و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەى ناوخۆى په‌رله‌مان ئامادەى بوون، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی پڕۆژەیاسای چەک لە ھەرێمی کوردستاندا کرا.
مەبەست لە کۆبوونەوەکە ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی چەند سەرنج و تێبینییەکی یاسایی بوو له‌سه‌ر پڕۆژەکە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەیەوە، بۆئەوەی ئاڕاستەی لێژنەی کاروباری یاسایی بکرێت بە مەبەستی ڕاستاندنى و ئاڕاسته‌كردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان تا خوێندنەوەی دووەمى بۆ بکرێت.