پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تایبەت بە دەستگیرکردنی پۆلێک رۆژنامەنووس لە دەڤەری سلێمانی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان تایبەت بە دەستگیرکردنی پۆلێک رۆژنامەنووس لە دەڤەری سلێمانی هاتووە: “لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس رێگەپێنەدراوە و ئەگەر رۆژنامەنووس دۆسیەیەکی لەو جۆرەی هەبێت دەبێت سەندیکای رۆژنامەنووسانی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام لەماوەی رۆژانی رابردوو وە لە ئەمڕۆشدا سێ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون، دوانیان لەشاری سلێمانی بەناوەکانی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا لە کەناڵی کوردستان24 و عیماد بیلال لە دەزگای باسنیوز کە ئێستا بەداخەوە لەزینداندان، وە لە شاری چەمچەماڵیش رۆژنامەنووس ئازاد بایز، دەستگیرکراوە و دوای 23 رۆژ ئازادکراوە.”

ئاماژە بەوەش کراوە: “ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆسەر ئازادی رادەربرین و گیانی رۆژنامەنووسان، داواکارین هەرچی زووترە ئەم رۆژنامەنووسانە ئازادبکرێن و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.”

ئەوەش خراوەتە روو: “داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوە بۆ رای گشتی بدەن، کە ئەم جۆرە رەفتارو هەڵسوکەتە نایاساییانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان بۆ؟ بۆ ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و تەواوی رۆژنامەنووسان بووەتە جێگای پرسیار.