بەداخەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو ڕۆژنامەنووسی ناسراوی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە بریتین لە: جەمال عەبدوڵا، کە پارێزەرە و هاوكات نووسەر و ڕۆژنامەنووسە و لە ماڵپەڕی (باسنیوز) گۆشەیەكی وتارنووسیی هەیە، هەروەها عیماد بیلال، رۆژنامەنووس كە پەیامنێرێكی چالاكی دەزگاكەمانە لە شاری سلێمانی، لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە دەستگیر كراون و ئێستا لە زینداندان.
لێرەوە جەخت دەكەینەوە، دەزگای میدیایی (باس) لە هەوڵەكانی لەسەر دەرخستنی راستییەكان بەردەوام دەبێت و ناچێتە ژێر باری هیچ جۆرە فشارێك، ئەو دوو هاوکارە رۆژنامەنووسەمان، هەر کەیسێکیان بۆ کرابێتەوە یان دروست کرابێت، هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە بەهۆی نووسین و رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانیيەوە گیراون، بۆیە داوا لە دەزگا دادوەرییە بەڕێزەکانی شاری سلێمانییش دەكەین، بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسە گیراوەكانی سلێمانیدا بكەن.
ئێمە لە دەزگای میدیایی (باس)، سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، چونكە ئەزموونێكی تاڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و گیراوان لەو شارەدا هەیە.
دەزگای میدیایی (باس) و ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)
23ی 10ی 2023