ڕائیب جادر – هەولێر
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، لەم دیدارەدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت: سێ سەد و سی و حەوت ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ ھەن. دەشڵێ: ھێزە چەکدارەکان بەربەستن لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، کە تا ئێستە ھیچ بەندێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ھەن، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە. خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆلارە.
لەگەڵ دەستپێکی ھێڕشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە ئێستە تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا و شنگال. ھۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ نەبوونی ئارامی لە ناوچەکانیان دەگەڕێتەوە، ئەوان ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت. وەکو خۆیان دەڵێن، لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەک مەترسییان لەسەر نەماوە، لێرە بەپێچەوانەوە ھاوکاریمان دەکرێت و ھیچ جیاوازیەکمان لەگەڵ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان نییە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، ڕایگەیاند: ئەوە دە ساڵە زیاتر لە بیست کەمپ لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ ھەن، زیاتر لە سێ سەد و سی و حەوت ھەزار ئاوارە و پەنابەر لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ڕەوشی ئەوان زۆر باش نییە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ڕێکخراوەکان ھاوکاری ئاوارەکان ناکەن، کە دوو ساڵە ٧٠% ھاوکاریی ڕێکخراوەکان کەمبووەتەوە، شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاش ھۆکارێکی دیکەیە کە ئەو ڕێکخراوانە ڕوو لەو دوو وڵاتە بکەن، حکوومەتی عێراقیش نایەوێت ئەو ڕێکخراوانە چی دیکە ھاوکاری ئاوارەکان بکەن، خۆشی ھاوکاری ئاوارەکان ناکات کە زۆربەی ئاوارەکان خەڵکی سنووری پارێزگای مووسڵن، ئەوەش فشارێکی سیاسییە بۆ سەر ئاوارەکان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە دۆخی ڕۆژئاوا و شنگال لە بار نییە بۆ ئەوەی ئاوارە و پەنابەران بگەڕێنەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ژیانی ئەوان زۆر زەحمەت بێت بەتایبەتی ئێستە کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی زستان. لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێم بۆشایی ڕێکخراوەکانی پڕ کردووەتەوە بەڵام ئەو ئەرکە زەحمەتە، هەرچەند حکوومەتی ھەرێم ئەوەی بۆ خەڵکی خۆی دەکات، بۆ ئاوارە و پەنابەرانیش ھەمان شت دەکات.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، گوتیشی: بۆ وەرزی زستان ئامادەکارییمان کردووە، نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، ھەروەھا داوامان کردووە کە خێوەتەکانی پێنج لە کەمپەکان بگۆڕدرێت، لەگەڵ ئەوەی ڕەزامەندی دراوە نەوت لە کۆتایی ئەم مانگە بدرێتە ئاوارە و پەنابەران.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، ئاشکراشی کرد: سێ ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی شنگال تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە یەک بەند لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، ئەو ڕێککەوتنە ھەموو ماددەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگال بوون، ھێزە چەکدارەکان لە شارەکە نەدەمان، چونکە ماوە ماوە شەڕ لەو ناوچانە ڕوودەدات، ئیدارەی خۆجێیی دەگەڕایەوە، خەڵک قەرەبوو دەکرایەوە، ھەزار و دوو سەد کەس وەکو پۆلیس لە شارەکە دادەمەزران، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە یەک لەو ماددانە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی شارەکەدا بوون جێبەجێ نەکراوە، کە زۆر گرنگ بوو ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەداخەوە نە لە کابینەی کازمی، نە کابینەی محەممەد شییاع سوودانی، بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد، ڕەنگە سوودانی بیەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەڵام ھەندێک حزب و لایەن، ھەتا دەستی دەرەکی ڕێگرە لە جێبەجێ کردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە. ئەگەر ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە دەبووە ھۆکار بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە، ھیچ ھاووڵاتییەک نییە ژیانی بن خێمەی پێ خۆش بێت ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی نەبێت، پەکەکە و گروپە چەکدارەکان ھۆکارن کە خەڵک نەگەڕێتەوە، چونکە مەرجی گەڕانەوەی خەڵک جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، زیاتر ڕوونی کردەوە: حکوومەتی عێراق بەردەوام بڕیار دەدات، ئاوارەکان بگەڕێنەوە بەبێ ئەوەی ئالیەتێک بۆ گەڕانەوەیان ھەبێت و ئاوارەکانیش ئامادە نین بگەڕێنەوە بەو شێوەیە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە زۆر ھیچ کەسێک ناگەڕێنێتەوە.