هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
ئاکرێ یەکێکە لە یانە بەشدارەکانی خولی نایابی کوردستان و ماوەی زیاتر له دوو مانگه دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ خولەکە، یانەکە تر متمانەی بە ڕاهێنەر یوونس سلێمان و ستافەکەی بەخشیوە و بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک گرێبەستی نوێی ئامادەکارییەکانی دەست پێکردووە و چەند یاریزانێکی وەرزی رابردوویش ڕیزی تیپەکەیان جێ هێشتووە و لەیانەکە نەماون، ڕۆژنامەی هەولێر ئامادەکاری و گۆرانکارییەکانی پێکهاتەی ئاکرێ دەخاتە ڕوو.
ماوەی دوو مانگە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە
ڕاهێنەر یوونس سلێمان بۆ ئەم وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئاکرێ واژۆ کرد، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە یانەکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە، دوای تەواو بوونی وەرزی رابردووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان ئاکرێ بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هێنانی کۆمەڵێک یاریزان دەستی بە مەشقەکان کردووە، بۆ ئەم وەرزەیش ستافی ڕاهێنەرانی ئاکرێ بریتین لە: یونس سلێمان ڕاهێنەر، هەژار سابیر یاریدەدەری راهێنەر، فەرید سەفا ناجی ڕاهێنەری گۆڵپارێزان، ئەوس محەمەد ڕاهێنەری توانای جەستەی، ئاکرێ کۆمەڵێک گرێبەستی نوێی ڕاگەیاندووە و گۆڕانکاری زۆری لە تیپەکە نەکردووە بەبەراورد بە یانەکانی تر جگە لە ڕۆیشتنی کۆمەڵێک یاریزانی وەرزی ڕابردوو، جگە لەوە کۆمەڵێک یاریزان گرێبەستەکانیان نوێ کردووهتەوە.
یانەکە ڕۆژانە لەسەر یاریگەی خۆی لە ئاکرێ مەشق و ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدات و شەش یاری دۆستانەشی لەگەڵ یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، چوارقوڕنە، سۆران کردووە، لە ئێستەدا یاریگەی دووەمی ئاکرێ لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و بەفەرمی دوای مانگێکی تر یانەکە یارییەکان لەو یاریگەیە ئەنجام دەدات و دەبێتە یاریگەی یەکەمی یانەکە کە چیمەنی یاریگەکە دەسکرد دەبێت.
یانەکە ١٠ گرێبەستی نوێی واژۆ كردووه
یانەکە یەکێک بوو لەو یانانەی ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەکات گرێبەستی زۆری ئەنجام نەداون، ئەو یاریزانانەی کە بەفەرمی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی یانەکەی پایتەختی نەورۆز کردووە بریتین لە یاریزانان جەوهەر نەجم و سانی سەڵاح و سەڵاح حەسەن کە هەرسێکیان یاریزانی هێڵی ناوەڕاستن لەیانەی شەقڵاوەوە پەیوەندیان بە ئاکرێوە کردووە، هەروەها یاریزان ڕەدوان نسرەدین لە یانەی چەمچەماڵ گرێبسەتی لەگەڵ ئاکرێ ئەنجامداوە، یاریزان لەشکر شەریف یەکێکە لە گرێبەسەتە نوێیەکانی ئاکرێ کە لە یانەی سیروانی نوێوە هاتووە، موسا عەدنان یاریزانی بەڕەگەز عەرەب یەکێکی ترە لە گرێبەستەکانی ئاکرێ، هەروەها یاریزان حوسێن فەیسەڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی ئاکرێ گرێبەستی لەگەڵ ئاکرێ واژوو کردووە، بەگشتی ئاکرێ گرێبەستی لەگەڵ ١٠ یاریزانی نوێ واژوو کردووە.
چەند یاریزانیک لەگەڵ ئاکرێ گرێبەستیان نوێکردۆتەوە
ئەو یاریزانانەی کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەی ئاکرێ نوێکردۆتەوە بریتین لە: عائید ئەنوەریاریزانی هێڵی بەرگری و کاپتنی تیپەکە، دوای ئەویش ئەرکان مەنسور گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاکرێ نوێکردەوە، یاریزان عەباس سوهێل سێیەم یاریزانە کە لەگەڵ یانەکەی بادینان بەردەوام دەبێت، هەروەها یاریزان ئەیاد سادق واژووی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە، دلۆڤان ساڵح یەکێکە لەو یاریزانانەی ئۆکەی کردووە بۆ بەردەوام بوون و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاکرێ هەروەها یاریزان ئەیاد شەعلان گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاکرێ نوێکردەوە و یاریزانی دڵدار جوبرایل یەکێکی ترە لەو یاریزانانەی لەگەڵ ئاکرێ بەردەوام دەبێت، هەروەها یاریزان هەمزە سابر یەکێکی ترە لەو یاریزانانەی گرێبەستەکەی نوێکردۆتەوە.
ئەو یاریزانانەی کە یانەکەیان جێهێشتووە و لە تیپەکە نەماون بریتین لە: تامۆ تینۆ، یاریزانی هێڵی هێرشبەر، مەحموود شاکر یاریزانی هێڵی بەرگری، هەروەها یاریزانان حاتەم عبدولخالق، ئەحمەد حاجی، ئارمین ئەختەری، ئۆرهان نەجات، سەفین عبدولخالق، چیا نازی لەیانەکە نەماون ڕیزی ئاکرێیان جێهێشتووە.
وەرزی ڕابردوو ئاکرێ لە خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان مەحموود مەجید ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیەی لە ئەستۆ گرت و ئەنجامێکی باشی نەبوو، ئاکرێ بە کۆکردنەوەی ٣٣ خاڵ پلەی سێزدەیەمی بەدەستهێنا، ئاکرێ لە ٢٨ یاریدا ٨ بردنەوە و ١١ یاری دۆڕاند و ٩ یاری یەکسان بوونی تۆمارکرد، ٢٤ گۆڵی تۆمارکرد و ٣٨ گۆڵیشی لێ تۆمارکرا.
یانەی ئاکرێ لەساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و ماوەی چەند ساڵێکە لە خولی نایابی کوردستان بەشدارە جارێک پلەی یەکەمی خولی یانە پلە دووەکان و جارێکیش پلەی یەکەمی لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە لەخولی پلەیەکی کوردستانی بەدەستهێناوە، وەرزی ڕابردوو لە قۆناغی شازدەی جامی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ماڵئاوایی کرد.