دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

چۆپی فەتاح شیعرێکی “حەمەسەعید حەسەن”ـی کرد بە گۆرانی و بڵاوی کردەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

٢٠ی ئۆکتۆبەر، هونەرمەند چۆپی فەتاح شیعرێکی نووسەر و شاعیر “حەمە سەعید حەسەن”ی بەناوی (ویژدان) لە چەناڵی یوتوبی خۆی بڵاوکردەوە و ئاوازی بەرھەمەکەشی مامۆستا بورھان موفتی دایناوە. چۆپی فەتاحی تەمەن ٤٠ ساڵ، خاوەنی چەندین بەرهەم و کلیپی نیشتمانی و سۆزداریە. جگە لە هونەری گۆرانی گوتن، براندی تایبەت بە دیزاینی جلوبەرگی کوردی هەیە.

جێگای ئاماژەیە نووسەر و شاعیر حەمە سەعید حەسەن، یەکێکە لە نووسەرە هەرە دیارەکانی کورد، کە هەم نووسین و هەم کتێبەکانی لەناو پانتایی ئەدەبی کوردی و تەنانەت لە سۆشیال میدیاشدا ڕەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە. ٥ کتێبی نوێی لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب چاپبووە و خاوەنی ٢٠ کتێبی دیکەشە. چەندین شیعریشی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراوە بە گۆرانی.

“ویژدان”

با ویژدانت
ئاسووده‌ بێ
ئه‌مه‌ یه‌که‌م نسکۆ نییه‌
تووشم ده‌بێ
زۆر جاری تر
لەناکاو به‌جێیان هێشتووم
زۆر جاری تر
فرمێسک به‌رچاوی لێڵ کردووم
زۆر جاری تر
لاپه‌ڕه‌ی هه‌ستیان ژاکاندووم
زۆر جاری تر
گوڵدانی دڵیان شکاندووم
تاڵاوی زۆر
گلانی ترم نۆشیوه‌
زۆر جاری تر
تێکشکانی خۆمم دیوه‌
زۆر جاری تر
ته‌رمی هیوام
ده‌ست نه‌یارانم که‌وتووه‌
زۆر جاری تر
شکۆمیان پێشێل کردووه‌
له تۆ زیز نیم،
له‌ خۆم تووڕه‌م
شین بۆ دڵسافیی خۆم ده‌که‌م
زۆر جاری تر
په‌نجه‌ی ڕۆحم
به‌ پشکۆی عیشقا چزاوه‌
که‌چی هه‌ر ده‌ستی بۆ ده‌به‌م