دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراودا دەگرێت

ئاسایشی هەولێر لە یەکێک لە خواردنگەکان کە هاوکات وەک کۆگایەکی ئامادەکردنی خواردن بەکارهاتووە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراو و هیندی و خواردنی ماوەبەسەرچوودا دەگرێت.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاسایشی هەولێر لە یەکێک لە خواردنگەکان کە وەک کۆگایەکی ئامادەکردنی خواردن بەکارهێندراوە، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراو، گۆشتی هیندی و ماوەبەسەچوودا گرت.

لەمیانی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە رایگەیاند، پێنج کەس کە لە خواردنگەکەدا کاریان کردووە، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دەست بەسەرداگرتنی هەموو ئەو خواردنەی لەو کۆگایەوە بەسەر خواردنگەکاندا دابەشکراوە.

هەروەها بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لەو کۆگایە تۆمارکراوە، چەندین ساردکەرەوەی پڕ لە گۆشتی ماوەبەسەرچوو و قەدەغەکراو هەڵگیراون و برێکی دیکەی گۆشتین بۆ ئامادەکردنی خواردن لەناو چێشتخانەی کۆگاکەدا دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوکات دەست بەسەر بڕێکی دیکەی مریشکی ماوەبەسەرچوو و خواردنی تێکچوودا گیراوە، کە لە دروستکردنی زەڵاتە و موقەبیلات بەکارهێندراوە و لەگەڵ ژەمەکانی خواردن لە چەند خواردنگەیەکی سەر بەو کۆگایە پێشکەش بە هاووڵاتییان کراوە.