دادگای تاوانەکانی کەرخ لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا، یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، بۆ ماوەی حەوت ساڵ سزای زیندانیکردنی (بەبێ ئامادەبوون) بەسەر رەغد سەددام حوسێندا سەپاند.
بە گوێرەی دەقی بڕیاری دادگاکە کە واژووی دادوەر محەممەد سەلمان محەممەد، سەرۆکی دادگای تاوانەکانی کەرخ و هەردوو دادوەری ئەندام، عەممار رەشید حەمید و وەسام عەبدوڵلا نەجمی لەسەرە، بڕیاری زیندانیکردنی کچەکەی سەددام حوسێن لەسەر بنەمای ماددەی 9ـی یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس، قەوارە، حزبی سیاسی و چالاکییە ڕەگەزپەرستی و تیرۆریستییەکانی ژمارە 32ـی ساڵی 2016 دەرچووە.
دادگاکە هۆکاری سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر رەغد سەددام حوسێن بۆ “بەشداریکردن لە تاوانی بڵاوکردنەوەی بیرۆکە، بۆچوون و پێشخستنی چالاکییەکانی حزبت قەدەغەکراوی بەعس، لە ڕێگەی دەرکەوتنە میدیاییەکانی لە ساڵی 2021” گەڕاندووەتەوە.
وەکو ئەوەی لە دەقی بڕیاری دادگاکەدا هاتووە، بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی کەرخ لە هەردوو رۆژنامە ناوخۆییە فەرمییەکانی عێراق بڵاوەدکرێتەوە.