سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دەزگای خێرخوازی بارزانی ئامادەیی خۆی نیشاندا هاوکاری مرۆیی رەوانەی فەڵەستین بکات

شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، بە سەرۆكایەتیی مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگا، لە هەولێر سەردانی كۆنسوڵخانەی فەڵەستینی كرد و لەگەڵ نەزمی حەزووری، كۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین، كۆبووەوە و تێیدا ئامادەیی دەزگای نیشاندا بۆ ئەوەی هاوكاری مرۆیی رەوانەی فەڵەستین بكات.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كۆنسوڵی گشتیی فه‌ڵه‌ستین، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كرد، له‌ هه‌مبه‌ر خزمه‌ته‌كانی به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ گشتی و ئاواره‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ساڵی 2014 بۆ 2017 له‌ به‌شه‌كانی دیكەی عێراقه‌وه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون.

هەر لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لە بارەی دۆخی مرۆیی خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستین و رێگەكانی ناردنی هاوكاریی مرۆیی كرا، لای خۆیەوە سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، جه‌ختی له‌ ئاماده‌یی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ خه‌ڵكی لێقەوماو كردەوە و پابه‌ندیی ده‌زگای نیشاندا بۆ‌ هاوكاریكردنی هه‌ر مرۆڤێك كه‌ پێویستی به‌ هاوكاری ‌بێت، بێ تێڕوانین له‌ جیاوازییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، لە بەرامبەردا كۆنسوڵی گشتیی فه‌ڵه‌ستین بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ مرۆییە گرنگە سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كرد.

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌ دروشمی (له‌ هه‌ر شوێنێك برینێك له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی بێت له‌وێ ده‌بێت بۆ ساڕێژی) ده‌ستی هاوكاریی بۆ لێقه‌وماوانی فه‌ڵه‌ستین و ناوچه‌كه‌‌ درێژ ده‌كات، ئه‌مه‌ش درێژكراوه‌ی هه‌وڵه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تی و ئازاری مرۆڤه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانیه‌تی وه‌ك ئه‌ندامی راوێژكاری تایبه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (ECOSOCS).

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وه‌ك چۆن له‌ رابردوو كارێكته‌رێكی سه‌ره‌كی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مرۆیی بووه‌ له‌و ناوچانه‌ی تووشی جه‌نگ و كاره‌ساتی سرووشتی بوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌ما‌هه‌نگی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ مرۆییه‌ عێراقییه‌كان و حكومه‌تی عێراقی، بۆ یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان و دۆزینەوەی میكانیزمی ناردنی هاوكارییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌، له‌ زووترین كاتدا بۆ زیانمه‌ندانی ناوچه‌كه‌.