تەواوی پارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا پارەکە بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22 تشرینی یەکەمی 2023، نەوزاد کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، لە بەرامبەر 500هەزرا تۆن گەنم، کە رادەستی سایلۆکان کرا، بەغدا کۆی بڕی پارەی نارد.
نەوزاد کامل، روونیکردەوە: “ئەو بڕە پارەی گەنمی جووتیاران کە ئێستا گەیشتووە و زیاتر لە 167 ملیارە، لەو بڕە 77 ملیار زیاتر هی سلێمانییە، زیاتر لە 51 ملیار هی جووتیارانی هەولێر و 38 ملیاریش هی پارێزگای دهۆک، ئەم هەفتە دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت، تاکو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو تەواوی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ دابەش دەکرێت.
کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە بە گوێرەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دیاریکرابوو.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرت، بۆیە لەسەر فەرمانی مهسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنهیهكی بۆ چارهسهركردنی كێشهی گهنمی جووتیاران پێكهێنرا، ئەو گەنمەی مابووەوە لە رێگەی چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆ لە جووتیاران وەرگیرا.