ئەژین عەبدوڵا – ههولێر
بەشێكی ئافرەتان پێیان وایە كە قوماتەكردن و پێچانەوەی منداڵ زیانی هەیە بۆ كۆرپەكەیان، هاوكات بەشێكی تریشیان پێچەوانەی ئەو بیر و ڕایەن.
ڕۆژان ئیبراهیم دایكی سێ منداڵە و ئەو هەرسێ منداڵەكەی قوماتە كردووە؛ جەختیش دەكاتەوە كە منداڵەكانی بە قوماتەكردن خەویان خۆشتر بووە و هەندێك جاریش بۆ تاقیكردنەوە قوماتەكەی لابردوون جووڵەیان زۆرتر بووە زوو زووش لە خەو هەڵساون.
ڕۆژان دەشڵێت ئێمە هەموو جیلی كۆن بە قوماتە بەستوینیانەتەوە و گەورەش بووینە و هیچ گرفتێکیش لە جەستەماندا نییە.
پەروێز ڕێبوار دایكی منداڵێكی ساوایە و ئەویش دەڵێت: من منداڵەكەم قومات دەکەم زۆریش خەوی خۆشە تەنها دەستی قومات دەکەم ئەویش لەبەر ئەوەی تێر بخەوێ.
دالیا محەمەد ئەو لەگەڵ ئەوە نییە كە منداڵ بپێچڕێتەوە و دەڵێت: ئەم شتە بەس لەناو کوردا هەیە یانی چی ئاوا ئەیپێچنەوە دەست و قاجی ئەشکێنن؛ بە بڕوای من نەك هەر زیانی هەیە بەڵكو زۆریش خراپە.
د. هونەر عوسمان کەریم پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان ڕوونی دەكاتەوە كە قوماتەکردن و پێچانهوهی منداڵ، له كولتووری ههموو وڵاتێكدا ههیه، بەڵام دایكان دهبێت زۆر به وریاییەوە كارهکە بکەن، چونكه به بچووكترین ههڵه و ههر خوار دانانێكی پارچه پهڕۆكه، ئهگهری ههیه قاچ و دهستی منداڵهكه لار و خوار بێت و زیانی پێ بگات.
د. هونەر عوسمان کەریم دەشڵێت قوماتەکردنی منداڵ پەستانێك دروست دەکات لەسەر جەستەی منداڵەکە، بۆ منداڵی تازەلەدایك بوو مایەی ئارامییە چونکە هەمان هەستیان پێ دەبەخشێت کە لە سکی دایکیاندا هەیانبووە بە هۆی ئەو پەستانەوە.
سوودەکانی قوماتەکردنی منداڵی ساوا:
١.خه وێكی باشتر به كۆرپەکە دەبەخشێت، چونکە کورپەکه له ڕاچڵەکیان دەپارێزێت و هەست بە ئارامی دەکات.
2.یارمەتیدەرێکی باشه بۆ پێدانی شیری دایك لە دوو مانگی سەرەتای لەدایکبوونیدا.
3.مەترسیی خنكان و كەوتنه سەرسك كەم دەكاتەوه، هەروەها پارێزگاری لە پلەی گەرمای لەشی منداڵەکە دەکات بە مەرجێک پارچە قوماشەکە زۆر ئەستوور نەبێت بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا.
د. هونەر عوسمان لە چەند خاڵێكدا دایكان ئاگادار دەكاتەوە لە کاتی قوماتەکردنی منداڵە ساواکەیان پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بن، چونکە بە هەڵە پێچانەوەی زیانی دەبێت لەسەر جەستەی منداڵەکە:
١. پێچانەوەکە دەبێت بە جۆرێک بێت تەنها پەستان لە باڵ و سنگی منداڵەکە بکات و بەهیچ جۆرێک پەستانی توند نەکەوێتە سەر حەوز و قاچ و رانی منداڵەکە، چونکە لەوانەیە ڕان و سمتی لەجێ بچێت.
٢. منداڵەکەت بە پشتدا دابنێ بۆ ئەوەی بخەوێت نەک لەسەر لا، چونکە ئەگەری هەڵگەڕانەوەی دەبێت بۆ سەر دەم و ڕەنگە ببێتە هۆی خنکانی.