عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
یەكەمین دیداری شێوەكاری کۆچکردووی کورد (ئیسماعیل خەیات) بەڕێوە چوو.
بەئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حیزبی و ژمارەیەک لە هونەرمەندان، یەكەمین دیداری هونەری بۆ باسكردن لە كارەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو ئیسماعیل بەڕێوە چوو كە هونەرمەندان بە بایەخەوە لە كارەكانیان دەڕوانی.
هونەرمەند ئیسماعیل بە یەكێک لە هونەرمەندە دیارەكانی بواری شێوەكاری دادەنرێ؛ ساڵی 1944 لە شاری خانەقین لەدایک بووە و ڕۆژی 20ی10ی2022 لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، ناوبراو ساڵانێكی زۆر لە بواری شێوەكاریدا بەرهەمی هونەریی هەبووە و لە وڵاتانی دەرەوەشدا پێشانگای كردۆتەوە.
لە سەرەتای دیدارەكەدا، نیاز نوری، نەقیبی هونەرمەندانی كوردستان لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، ڕەنگە زۆر هونەرمەند توانیبێتیان جێپەنجەیان لە هونەر بنەخشێنن، بەڵام دوای كۆچی دوایییان، لە زەین و بیری زۆرێك لە سیاسی و چینەكانی كۆمەڵگادا نەماون، بەڵام ئەم دیدارە هەوڵێكە بۆ بەرزڕاگرتنی كارەكانی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات، بۆیە بۆ داهاتووش ئەوان وەك سەندیكا پێیان باشە دیدار بۆ هەموو هونەرمەندانی دیكە بكەن و تا كارەكانیان ببنە توێژینەوە بۆ نەوەی داهاتوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆ دروست بوو خەیات بەهاوكاری خوێندكارەكانی پڕۆژەیەكی گرنگی رەنگی خوڵقاند وەك دژایەتی شەڕی ناوخۆ، بۆیە هەقی خۆیەتی لێرەدا بە سەرمایەدارەكان بڵێین بەشێك لە داهاتیان بۆ پشتگیری پڕۆژەی هونەری بكەن، بەڵام بە داخەوە تائێستا نەكراوە”.
هەر لە مەراسیمەكدا هونەرمەند گەزیزە عومەر، هاوسەری مامۆستا ئیسماعیل رایگەیاند، لای خەیات، هیچ كاتێك جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا نەكردوە، بۆیە لای ئەو، مرۆڤبوون گرنگ بووە و وتی “بۆ مێژوو دەیڵێم خەیات بەرهەمەكانی وەك سامانێكی مێژوویی سەیر بكرێت، ڕاسپاردەمان بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێم ئەوەیە خەیات لە ٦٥ ساڵەی ژیانیدا چەند بەرهەمی بڵاو كردۆتەوە، هێشتا خاوەنی هەزار تابلۆی بەجێماوە و نزیكەی ١٠٠ تابلۆش واژوی لەسەر نەكراوە، كە ئەوەش بەرپرسیارێتی گەورەیە بۆ ئێمە”.
گەزیزە عومەر وتیشی “بۆیە داوای شوێنێك دەكەین بۆ دانانی تابلۆكان، هەروەها مەراسیمی خەیات بكرێتە نەریتی ساڵانە، لە ساڵیادی كۆچی هونەرمەندانیش، یاد و بەسەركرنەوەی بنەماڵەی هونەرمەندان هەر لەسەر ئەركی خانەوادەی هونەرمەندان نەبێت، بەڵكو حكومەت بەو ئەركە هەڵستێت”.
هەروەها هونەرمەند محەمەد فەتاح بە (هەولێر)ی ڕاگەیاند، ئیسماعیل خەیات بە هونەرمەندی ئاشتی و پێكەوەژیان ناسرابوو؛ یەكێك لە پڕۆژەكانی (پیرەر) بوو كە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا لە نزیك سنووری دێگەڵە ئەو شاخەی رەنگڕێژ كرد دژی شەڕی براكوژی.
محەمەد فەتاح دەڵێت “لەو كاتەدا هەموومان بە بۆچوونی جیاوازەوە دروشمی ئاشتی بۆ كوردستانمان بەرز كردەوە، خەیات هەمیشە بە هونەرمەندی ئاشتی و پێكەوەژیان ناسرابوو”.
ئەو هونەرمەندە وتیشی “خەیات بەشدارییەكی زۆری لە كارە هونەرییەكان لە وڵاتانی جیهان هەبووە و خۆیشی تا بچوایەتە تەمەنەوە، زیاتر هەوڵی تازەگەریی دەدا، بۆیە هەمیشە ناوێكی گەورەی جیهانی بوو”.