سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حكوومە‌ت و مووچە‌ی فە‌رمانبە‌ران

هاودەنگ فارووق

حكوومەتی كوردستان هەرچۆنێك بێت، دەبێ هەوڵی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بدات. ڕۆژی ئەوەیە سەرمایەدارو پارەدار و بازرگانە نیشتمانپەروەرەكانیش دەستگیرۆیی حكوومەت بكەن بۆ دابینكردنی مووچە بەتایبەت بۆ مامۆستایان و سێكتەرە هەستیار و هەرە گرنگەكان.

مووچە، مەسەلەی ژیانی تاك بەتاكی خەڵكی كوردستانە، مامۆستایان، تاكە سەرچاوەی داهاتیان لەبەرانبەر ئەو ئەركەی ڕایدەپەڕێنن و ئەو خزمەتەی كە پێشكەشی وڵاتەكەیانی دەكەن، تەنها مووچەیە؛ بۆیە هەمووان وێكڕا و بەیەك جار پشتیوانی مووچەخۆران دەكەین.

حكوومەتـــی كوردســـتان هیـــچ هەوڵێك نەماوە نەیدات بـــۆ دابینكردنی مووچە. ســـەرۆكی حكوومەت بۆ خۆی ســـەردانی بەغدای كرد و ، ڕێككەوتنـــی لەگـــەڵ حكوومەتی عێراق كرد. لـــە ڕێككەوتنی ئیدارەی دەوڵەتیشـــدا، پارتی دیموكراتی كوردســـتان مەرجەكانی خۆی وەك كارنامەی حكوومەتەكەی ســـودانی داناوە و دابینكردنی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان، مەرجی سەرەكی پارتی بووە بۆ بەشداریكردن لەحكوومەتەكەی سودانیدا.

سودانی، تێگەیشتنی تەواوی هەیە بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی پارتی لەكارنامەی حكوومەتەكەیدا، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، هەندێك هێزی كوردی و شـــۆڤێنییەكانی بەغدا، بەرژەوەندیی خۆیان لەوەدا دەبینن، كە ئاســـتەنگ بۆ مووچەی خەڵكی كوردســـتان دروســـت بکەن.

بەتایبەتی ئێســـتە كە بەرەو هەڵبژاردنی كوردســـتان دەچین، دەیانەوێت بە ڕێگریی لەناردنی مووچە، كێشە بۆ حكوومەت و سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بكەن. مایەی نیگەرانییەكی قووڵە كە هێزێكی سیاسی كوردی هەبێت، سەركەوتنی خۆی لەوەدا ببینێت كە مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕدرێت . هێزێك تەنها لەپێناوی دەستكەوتی خۆی لە هەڵبژاردندا، بیەوێت درێژە بە ئازارەكانی مووچەخۆران بدرێت..

ئەمڕۆ هێزە سیاســـییەكان دوو جۆرن، بەشـــێكیان دەیانەوێت سواری شـــەپۆلی ئازارەكانی خەڵك ببن و درێژە بە كێشەی مووچە بدرێت، بۆ ئەوەی لە پەنای ئەو ئازارەدا دەســـتكەوتی خۆیان لەهەڵبژاردنەكان مســـۆگەر بكەن. لەلایەكەی دیكەوە، پارتی پێشـــڕەوی ڕەوتێكی فراوانی نەتەوەیی دەكات و شـــەو و ڕۆژی خستۆتە ســـەریەك بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی مووچەخۆران ؛ بۆ ئەو مەبەستەش، ماندوو نەبووە بۆ دابینكردنی مووچە و خزمەتكردنی خەڵكی كوردســـتان و ســـەركەوتنی خۆی و ڕەوتی نەتەوەییش لەخزمەتكردنی خەڵكی كوردســـتاندا دەبینێتەوە.

مووچەخۆرانی كوردســـتان و جەماوەریش بەرانبەر ڕووداوەكان هۆشـــیارن و دەزانن كێ بەكردەوە بۆ كۆتاییهێنان بەنەهامەتییەكان كاردەكات و كام لایەنیش جار لەدوای جار شـــاند دەنێرێت و دەبێتە هاوپەیمانی شـــۆڤێنییەكان بۆ ئەوەی تەنها لەبەر شكســـت پێهێنانی حكوومەتی كوردستان ئاستەنگ بۆ مووچە دروست بكرێت.

حكوومەتی هەرێم و مامۆســـتایان هاوخەم و هاوئەركی یەكترن، ئەوان ئەركی پێگەیاندنی نەوەكان ڕادەپەڕێنن و حكوومەتی هەرێمیش قەت درێغی نەكردووە و نایكات لە پێشكەشكردنی مووچە و شایستەی دارایی مامۆستایان؛ دڵنیاین پێكەوە ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنن و ئیدی بۆ مێژوویش ڕوون دەبێتەوە كێ خەمخۆری مووچەخۆرانە، كێش سواری شەپۆلی خەمەكانیان بووە!