هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیمانگایەکی پیشەیی حکومی بە سیستەمی خوێندنی ئینگلیزی لە هەولێر کرایەوە

پەیمانگایەکی پیشەیی پێنج ساڵە بۆ چوار بواری کارکردن لە هەولێر کرایەوە و وەزیری پەروەردەش دەڵێت، پەیمانگاکە حکومییە و ساڵی یەکەمی خوێندن، بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی تەرخان دەکرێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کردنەوەی پەیمانگایەکی پیشەیی لە هەولێر راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی یەکەمی خوێندن لەم پەیمانگایە، بۆ زمانی ئینگلیزی تەرخان کراوە، چوار ساڵەکەی دیکەش، بۆ چوار بەشی سەرەکییە ئەوانیش بریتین لە (IT، ژمێریاری، گەشتوگوزار، گرافیک دیزاین).

سەبارەت بە پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند، مامۆستا نەجمەدین، راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەیان راسپاردووە، هەماهەنگی لەگەڵ پەروەردەی گەرمیان و سلێمانی بکات، بۆئەوەی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش ئەم هەنگاوە بنرێت.

بە گوتەی ئالان حەمە سەعید، ئەم پەیمانگایە، حکومییە و خوێندن تێیدا بێبەرامبەرە و لە سێیەم ساڵی خوێندنی ئەم پەیمانگایەدا، سیستەمی خوێندن دەکرێتە سیستەمی خوێندنی دووانە، واتە خوێندکاران لە پەیمانگا بە تیۆری وانەکان دەخوێنن و بەشە پراکتیکەکەی، هەفتانە لەو ناوەندە بازرگانییانە وەردەگرن کە پەیوەستە بەم بەشانەوە.

ئالان حەمە سەعید راشیگەیاند، توێژینەوە لەسەر بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان کراوە و ئەو پیشانە گرنگ و پێویستن، گوتیشی: دەمانەوێت ئەو پیشانەی هەمانە، بەپێی تواناکانی وەزارەتی پەروەردە، کادری بۆ دروست بکەین.