شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

نامه‌ عاشقانه‌كانی

نیماخالید فاتیحی

نامه‌ی چواره‌م

میهره‌بانم.
ناچار ده‌بێ بنووسم: كاتێك زاوای له‌ راده‌به‌ده‌ر موسڵمان، بووكی نه‌بینراوی له‌ناو كچه‌كانی حه‌ره‌مدا هه‌ڵده‌بژێرێ، چاوه‌كانی داده‌خات، وه‌كو بووك له‌ پاشخان* خۆی ده‌شارێته‌وه‌، په‌یتا په‌یتا له‌ودیو ده‌رگاكان و په‌رده ‌له‌دوای په‌رده‌كانه‌وه‌ هه‌واڵی بۆ دێنن. هه‌موو هه‌واڵه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕه‌ زێڕه‌ و سامانی،‌ بووكه‌خانه‌. له‌كاتێكدا جوانی و ئاكار یه‌كێكن له‌و بایه‌خانه‌ی، كه‌ به‌پێی جیاوازی سه‌لیقه‌ی كه‌سه‌كان ده‌گۆڕێن. هه‌ندێ جاریش جه‌نابی زاوا ده‌رباره‌ی جوانی و ئاكاری بووكه‌خان پرسیار ده‌كات. له‌ هه‌مانكاتدا ژنه‌كان كه‌ وه‌سفی بووكه‌ نادیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و زاوا وه‌ كه‌یف خۆشی دێنن، رێك وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ جه‌نابیان وه‌كو مه‌یموون هه‌ڵپه‌ڕێنن.
هه‌ر موسڵمانێك كه‌ هاوسه‌رگیری كردووه‌، لانیكه‌م له‌ ته‌مه‌نیدا جارێك هه‌ڵپه‌ڕیوه‌. ئه‌و كاره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ نێوان زاواو بووك و خزماندا جۆرێكه له‌ مامه‌ڵه‌كردن كه‌ به‌ناوی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام سروشت رێگای ئه‌و مامه‌ڵه‌ كردنه‌ی فێری شاعیر نه‌كردووه‌. ئه‌و له‌ جیاتی پاره‌و زێڕ دڵێكی ده‌وێت كه‌ بتوانێ هێلانه‌ی تێدا چێ بكات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا دڵی خۆی ده‌به‌خشێت. دوو دڵی باش و هاوتا ده‌توانن به‌خۆشییه‌كی تاهه‌تایی پێكه‌وه‌ بژین، به‌جۆرێك كه‌ پاره‌ نه‌توانێ ئه‌و خۆشییه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات.
هه‌ركاتێك بیر له‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌مه‌وه‌ هێلانه‌یه‌كی ساده‌و هه‌ژارانه‌م دێته‌وه‌بیر كه‌ دوو باڵنده‌ی هاوجووت بێئه‌وه‌ی یه‌كتری بچه‌وسێننه‌وه‌ له‌سه‌ری هه‌ڵنیشتوون.
باڵنده‌كان چۆن هاو جووته‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن، بێئه‌وه‌ی باوك و دایكیان هیچ رایه‌كیان له‌سه‌ر هه‌بێت! له‌جیات ئه‌وه‌ی قسه‌ی خه‌ڵكی ببێته‌ په‌یمانی نێوانیان، بۆ خۆیان ماوه‌یه‌ك ده‌جریوێنن، ئه‌وسا سۆزو خۆشه‌ویستی له‌نێوانیان هێنده‌ پته‌و ده‌بێ، شیرینیه‌كه‌ی به‌ لكی دره‌خته‌كانه‌وه‌ ده‌نووساوه‌، بۆخۆیان پێكه‌وه‌ ده‌یخۆن. به‌رپرسیاری خۆراكی كه‌سانی دیكه‌ نین. له‌جیاتی ئاوێنه‌و خۆنواندن، پێكه‌وه‌ هێلانه‌كه‌یان رێكده‌خه‌ن. له‌ دڵه‌وه‌ یه‌كترییان خۆشده‌وێ، دواتریش جوچكه‌كانیا به‌هه‌مان ئاكاری ئه‌وانه‌وه‌ گه‌وره‌ ده‌بن.
به‌ڵام خودا ئه‌و خۆپارێزی و شادیه‌ سروشتییه‌ی به‌ مرۆڤ نه‌داوه‌، هه‌تا وه‌كو باڵنده‌كان بژیت. مخابن ئێمه‌ مرۆڤین، یانی په‌رده‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ نێوان ئه‌واندا هه‌یه‌و نامانه‌وێ دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ دڵی خۆمان بفڕین. من حه‌زده‌كه‌م بفڕم، نامه‌وێ مرۆڤ بم، چه‌نده‌ خۆش و دڵگیره‌ ئه‌و هه‌وا سازگارو ئازاده‌ و ئه‌م زه‌ویه‌ پان و به‌رینه‌، كاتێك باڵنده‌یه‌ك به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕێت.
من له‌ رێگا دووره‌كانه‌وه‌ دێم و له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ ناشاره‌زام. له‌ چ شوێنێك هێلانه‌كه‌م چێ بكه‌م؟ هاوڕێ میهره‌بانه‌كه‌م تۆ چ شوێنێكم بۆ داده‌نێی؟
ئاكاری من هه‌ڵسه‌نگێنه‌ و فه‌رمانبده‌. ئه‌وه‌یه‌ شاعیرێكی نه‌ناسراو. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن زۆرلاسارن‌.

     نیما  

نه‌ورۆزی 1035

*پاشخان: وچانه‌، خه‌ڵوه‌تی، ژووری كه‌لوپه‌ل له‌پشت ژووری دانیشتن‌.

*نامه‌ عبشقانه‌كانی شاعیری ناوداری ئێران نیما یوشیج (1897- 1959) كه‌ به‌ باوكی شیعری نوێی فارسی ده‌ناسرێ.