حزبوڵڵا: تانکێکی ئیسرائیلمان لە سنووری لوبنان کردە ئامانج

حزبوڵڵای لوبنان بە ئامانجگرتنی تانکێکی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان رادەگەیەنێت و دەڵێت، بەھۆیەوە سەرجەم تیمی نێو تانکەکە کوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، تانکێکی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە سەرجەم تیمی نێو تانکەکە کوژراون.

حزبوڵڵا لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەداوە کە تانکەکەی سوپای ئیسرائیل لە جۆری “Merkava” بووە و لە ناوچەی عەیتا شەعبی باشووری لوبنان لەلایەن چەکدارانی حزبوڵڵا کراوەتە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندبوو کە لە میانی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، پێنج ئەندامی کوژراون.

هاوکات حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنی پەیوەست بە هەڵسەنگاندن بۆ شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، رایگەیاند رەنگە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا حزبوڵڵای لوبنان هێرشی بەرگرتن دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات و گوتی: “سەرکردەکانی بەرگریی رێگە نادەن رژێمی ئیسرائیل لە غەززە هەر کردەیەک (هێرشی وشکانیی) ئەنجام بدات و پاشان پەلاماری هێزە بەرگرییکارەکانی دیکە بدات. هەموو بژاردەکان لەبەردەم حزبوڵڵادان”.

دوای شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس، حزبوڵڵای لوبنانی بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئیسرائل دەکات.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە جارێک بارەگەکانی حزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردومانکردووە، لە بەرامبەردا حزبوڵڵا لە رێی دزەکردنی چەکدارەکانی بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئیسرائیلیان کوشت.