بایدن پێیوایە حەماس نەخۆشخانەکەی غەززەی بۆردوومان کردووە

سەرۆکی ئەمەریکا بە دووری دەزانێت ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی حەمدانییەی بۆردوومان کردبێت و ئاماژە بەوە دەدات، “پێموایە لایەنی دیکە (حەماس) دەستی لە هێرشەکەدا هەیە”. ناتانیاهۆش دەڵێت، “پێویستە جیهان یەکگرتوو بێت لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس”.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل و، لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە پێشوازی کرا. دواتر هەردوولا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا سوپاسی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ تەلئەڤیڤ کرد و بە بایدنی گوت، “سەردانەکەتان یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمەریکایە لە سەردەمی جەنگدا بۆ ئیسرائیل”.

بنیامین ناتانیاهۆ بە پێویستی دەزانێت، “جیهان یەکگرتوو بێت لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس” و ئاماژە بەوە دەدات، “ئاستی هاوکاری ئەمڕۆمان لەگەڵ ئەمەریکا بێ وێنەیە. دەزانین ئەمەریکا و سەرۆک بایدن هاوبەشی ئیرادەمانن بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لەلایەن حەماسەوە رفێندراون”.

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشدا، سەرۆکی ئەمەریکا روونیکردەوە، سەردانەکەی بۆ تەلئەڤیڤ بە مەبەستی ئەوە بوو کە خەڵکی ئیسرائیل و جیهان بزانێت ئەوان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاون و، ویستوویەتی، دڵنیاببێتەوە لەوەی ئیسرائیل ئەوەی پێویستی پێیەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حەماس لەبەردەستی دایە.

شەوی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، لانیکەم 500 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندارن.

 بەڵام دواتر هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەموو خەڵکەی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە ئەنجامی مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی کوژراون و رەتیکردەوە ئیسرائیل دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس “نوێنەرایەتیی گەلی فەڵەستین ناکەن” و، لەبارەی بۆردوومانەکەی شەوی رابردووی نەخۆشخانەی غەززەش؛ گوتی، “ئەو تەقینەوەی شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە روویدا، دڵگران و تووڕەی کردم. پێموایە لایەنەکەی دیکە (حەماس) دەستی لە هێرشەکەدا هەیە، نەک سوپای ئیسرائیل”.

لەبارەی هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لە کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی سڤیل دەربڕی و گوتی، “حەماس کردەی دڕەندەی لە ئیسرائیل ئەنجام داوە”.