كارزان گلی – ههولێر
محەمەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، وڵات بە وڵات دەگەڕا تا بڕوا بە وەبەرهێنەران بهێنێ و بیانهێنتە توركیا بۆ وەبەرهێنان، بەڵام پێناچێت شیمشەك سەركەوتوو بووبێت لە راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی، چونكە هێشتا هیچ وەبەرهێنەرێكی بیانی بە پارەیەكی زۆرەوە ڕووی لە توركیا نەكردووە، هەروەها ڕەوشی ئابوورییش تا دێت خراپ دەبێت و لیرەی توركی لە دابەزیندایە بەرامبەر بە دۆلار.
وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، تەواو گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە دەرچوونی توركیا لەو قەیرانە داراییە، تەنیا ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانییە، تا لەو رێگەیەوە بتوانن بە ملیار دۆلار بهێنێتە وڵاتەكەی، بەڵام بەرپابوونی جەنگ لە ناوچەكەدا، وایان لە وەبەرهێنەران كردووە، بگەنە ئەو بڕوایەی، توركیا وڵاتێكی باش نییە بۆ وەبەرهێنان، چونكە ناوچەكە بەردەوام لە شەڕدایە.
حافیزە ئەركان، بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی توركیا، ماوەی ٤٠ خولەك لەگەڵ سەرۆكی دراوی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەی كردووە و لەوێدا داوای كردووە وەبەرهێنەران هان بدرێن بێنە توركیا و كۆبوونەكەش ئەرێنی بووە. لەلایەكی ترەوە، شیمشەك، وەكوو وەزیری دارایی توركیا، بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی كرد لە لۆندرا، ئەویش هەوڵی زۆری دا تا بڕوا بە وەبەرهێنەران بهێنێت روو لە توركیا بكەن، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەستەمە لە 2023 وەبەرهێنەران روو لە توركیا بكەن و دەبێت هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوە بێت لە 2024دا، لە ڕێگەی وەبەرهێنەری بیانییەوە ڕەوشی ئابووری باش بكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان، شیمشەك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی، توانیی قسە لەگەڵ ٢٣ وەبەرهێن بكات، كە سەرمایەی ئەو وەبەرهێنەرانە چوار ترلیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئەو سیاسەتەی توركیا پەیڕەوی دەكات، پڕۆسەی راكێشانی وەبەرهێنەران زۆر لەسەرخۆ دەڕوات و دووریش نییە وەبەرهێنەرانی بیانی، بە تەواوەتی بایكۆتی توركیا بكەن، چونكە بەشێكی زۆری ئەو وەبەرهێنەرانە شوێنێكی بێئاژاوە و دوورلەشەڕیان دەوێت تا پارەی خۆیانی تێدا خەرج بكەن و، لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە.
بە لای ئیڤران بۆلگوونەوە، كە شارەزای سیاسەتی ئابوورییە، وەبەرهێنەران تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە توركیا لە ڕووی سیاسەتی ئابوورییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و، دەستوەردان لە كاروباری بانكی ناوەندی ناكرێت، بۆیە ماوەی پێنج مانگ دەبێ ئابووری و رەوشی سیاسیی توركیا چاوەدێری دەكەن، دەبینن كە هیچ گۆڕانێك نەكراوە، بۆیە ئەوانیش جموجۆڵ ناكەن.
توركیا لەوڵاتانی كەنداو نزیك بووەوە و چاوی لەوە بوو تا پارە زەبەڵاحەكەی وڵاتانی كەنداو بهێنێتە توركیا، بۆیە بە بڕی ٥٠ملیار دۆلار گرێبەستی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا كرد، بەڵام تاوەكوو ئێستا تەنیا ٨ملیار دۆلار هاتووەتە توركیا، ئەمەش نابێتە هۆی ئەوەی كاریگەریی لەسەر رەوشی ئابووری توركیا هەبێت.
پارەی یەدەگی توركیا گەیشتووەتە ٥٥ملیار دۆلار، راستە لەدوای هەڵبژاردنەوە یەدەگی توركیا زیادی كردووە، بەڵام زیادەكە زۆر زۆر كەم و لەسەرخۆیە، بۆیە وەبەرهێنەری بیانی سەیری یەدەگی توركیا دەكات چەند كەمە، بۆیە ڕوو لەو وڵاتە ناكات بۆ وەبەرهێنان.