كارزان گلی – هه‌ولێر
هەركاتێك كێشە كەوتبێتە نێوان حكوومەتی توركیا و عێراق، میساقی میللی لە میدیاكانی توركیا هاتووەتە بەرباس، بەتایبەت لە میدیاكانی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە). ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، زۆرجار لە میدیاكانەوە نایشارێتەوە كە توركیا مەبەستیەتی سنوورەكانی بگەڕێتەوە بۆ میساقی میللی، بەڵام چۆن دەتوانێت بیخاتە بواری پراكتیكەوە، ئەمەیان زەحمەتییەكی گەورەیە. ئەردۆغان هەمیشە دەڵێت: ”سنووری دەوڵەتی عوسمانی ٢ملیۆن كیلۆمەتر بووە، ئێستا بووەتە ٧٠٠هەزار، ئەمە چۆن قبوڵ كراوە“.
دوای هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ موسڵ و چەند ناوچه‌یه‌كی تری عێراق، وشه‌ی (میساقی میللی)، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان هێناویەتیەوە به‌رباس. ئه‌گه‌رچی (میساقی میللی) ١٠٠ ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام توركیا تاوه‌كو ئێستایش خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت له چوارچێوه‌ی (میساقی میللی)ـدا سنووره‌كانی فراوانتر بكاته‌وه.
ڕه‌نگە زۆرێك له خوێنه‌ران زانیاری‌یان له‌سه‌ر (میساقی میللی) نه‌بێت، یاخود نه‌زانن مه‌به‌ستی ئه‌ردۆگان چییه كە باس له (میساقی میللی) دەكات و هه‌ڕه‌شه‌ی جێبه‌جێکردنی دەكات؟ ئایا ئه‌و (میساقی میللی)ـیه چی زیان یان سوودێكی بۆ كورد هه‌یه؟
یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان شانازی پێوه ده‌كه‌ن و وه‌كو ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ باسی ده‌كه‌ن (میساقی میللی)ـیه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سنووری توركیا دیاری كراوه، كه توركیای ئێستا تێده‌په‌ڕێنێت بۆ ناو سووریا و عێراق و شاره‌كانی حه‌له‌ب و مووسڵ و كه‌ركووك و هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌گرێته‌وه. واته توركیا ئه‌و مافه‌ی هه‌یه نه‌یه‌ڵێت ئه‌و شارانه له لایه‌ن هیچ لایه‌نێكه‌وه داگیر بكرێت و سه‌ربازی بۆ بجووڵێنێت، هه‌ربۆیه كاتێك ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ده‌ستی پێكرد، توركیا داكۆكی ده‌كرد له‌وه‌ی ئه‌ویش به‌شداری تێدا بكات و ڕۆڵی هه‌بێت. پەلاماردانی عەفرین و چەند ناوچەیەكی تری سووریا، هەر پەیوەندیی بەو خەونەوە هەیە، كە توركیا هەیەتی بۆ ئاییندە و فراوانكردنی سنوورەكانی، بەڵام دەستی نەگەیشتە حەلەب.
دوای شه‌ڕی رزگاری توركیا، (میساقی میللی) وه‌كو مانفێستێكی سیاسی توركیا ته‌ماشا ده‌كرێت. له 28_1_1920ـیش به كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی عوسمانییه‌كان قبوڵ كراوه و سنووره‌كانی توركیای تێدا دیاری كراوه.
مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركیش یه‌كێك بووه له‌و سه‌رۆكانه‌ی ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه له‌و بڕیاره و شانازییشی پێوه كردووه و له توركیشدا به مانای (سوێندی نه‌ته‌وه‌یی) له‌و بڕیاره‌یان ڕوانیوه.
ناوه‌ڕۆكی (میساقی) میللی له ٧ ماده پێک هاتووه، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
- له كاتی ئیمزاكردنی ئاگربه‌ستی (مۆندرۆس)، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا نه‌گیراوه به‌دڵنیاییه‌وه خاكی توركیایه و پارچه ناكرێت.
- ئه‌گه‌ر پێویست بكات له (قارس، ئه‌رده‌هان، باتوم) ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.
- عه‌ره‌به‌كان خۆیان ئایینده‌ی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن (ئه‌و شوێنه‌شی زۆرینه عه‌ره‌ب بێت ڕیفراندۆمی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت).
- ته‌نیا ڕیفراندۆم ئایینده‌ی رۆژئاوای (تهراكیا) دیاری ده‌كات.
- له كاتی فه‌راهه‌مكردنی ئاساییشی ئیسته‌نبۆڵ و مارمهرا له لایه‌ن خه‌لافه‌ته‌وه، ئیدی قوڕگی ئه‌و شوێنانه ده‌كرێته‌وه.
- كه‌مینه‌كان له وڵاتانی تر، واته ئه‌و شوێنانه‌ی تورك كه‌مینه‌ن ده‌بێت مافیان بدرێتێ و به فه‌رمیش بكرێت.
- پێشكه‌وتنه‌كانمان له ڕووی سیاسی، داراییدا قه‌بوڵ ناكرێت سنووردار بكرێت و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكرێت.
مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، له ساڵی 1920 كاتێك له‌ناو په‌رله‌مان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و له 30_1_1923 به هه‌مان شێوه له‌ناو په‌رله‌مان وتارێكی له‌باره‌ی (میساقی میللی) پێشكه‌ش كرد، به ئاشكرا كه‌ركووك و موسڵ و هه‌ولێر و سلێمانییشی خسته ناو ئه‌و سنووره‌ی میساقه‌وه كه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه
“ئه‌م سنووره له باكووری كه‌نداوی ئیسكهندهرۆنهوه بۆ ئه‌نتاكیا و حه‌له‌ب ده‌چێت، تا ده‌گاته جه‌رابلووس و باكووری رووباری فورات. له‌وێشه‌وه بۆ دێره‌زوور و پاشان مووسڵ و كه‌ركووك و سلێمانی و هه‌ولێریش ده‌گرێته‌وه”.
چی سوودێكی بۆ كورد هه‌یه؟
میدیاكانی توركیا تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر وتاره‌كه‌ی ئه‌تاتورك له‌وباره‌یه‌وه به‌وه‌ی گوتوویه‌تی، ئه‌م سنوورانه له لایه‌ن هێزی سه‌ربازی توركیاوه به‌رگری لێ ده‌كرێت، له هه‌مان كاتدا نه‌ته‌وه‌ی كورد و توركی تێدا نیشته‌جێیه و ده‌پارێزرێن و ئه‌وان پارچه‌یه‌كن له‌و خاكه.
بۆیه حكوومه‌تی توركیا به پشتبه‌ستن به‌و وتاره‌ی ئه‌تاتورك، پێیان وایه هه‌روه‌كو چۆن كه‌ركووك بۆ توركیا هه‌ستیاره، به هه‌مان شێوه بۆ كوردیش خاكێكی هه‌ستیاره و ئه‌تاتوركیش پشتڕاستی كردووه‌ته‌وه كه كورد و تورك خاوه‌نی ئه‌و خاكه‌ن.
بەڵام بەهۆی ئەوەی، نەژادپەرستەكانی توركیا لەناو پەرلەمان بوونەتە هاوپەیمانیی ئەردۆغان كە مەبەست لێرە (مەهەپە)یە، بۆیە كاتێك دێنە سەر مافی كورد، چاویان دەگرن و گوێشیان كەڕ دەكەن، ئەوان دەڵێت كەركووك تەواو شارێكی توركمانییە و كورد هیچ مافێكی پێوە نییە.
بەگوێرەی ئەو شرۆڤانەی لە میدیاكانی توركیاوە ئەنجام دەدرێت، جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە توركیا ترسی هەیە سنوورەكەی بچووك بكرێتەوە، بۆیە هێزی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان و لیبیا و سودان ناردووە، دەیەوێت بڵێت توركیا خاوەن هێزە و بە ئاسانی دەستبەرداری سنوورەكانی نابێت. هەمیشەش ئەوە بەبیر ڕۆژئاوادا دەهێننەوە، كە میساقی میللی بۆ ئەوان سوێندنی نەتەوەیە و دەستبەرداری نابن.