مەشخەڵ كەوڵۆسی
ئاشكرایە ناوچەكەمان بەرەو دۆخێكی ئاڵۆز دەچێت. زۆرێك لەوانەی چاودێری ڕەوشی ناوچەكە و تێكگیرانی بەرژەوەندییەكانی زلهێزە جیهانی و هەرێمایەتییەكان دەكەن، پێیان وایە سەختە بتوانین لێكدانەوەی دروست بكەین بۆ ڕووداوەكانی ئایندە، یاخود بۆ ئەوەی چی دەگوزەرێت و كێ سەركەوتوو دەبێت و ئەنجامەكان چۆن دەبن؟.
ڕەنگە لەڕاستی دوور نەكەوینەوە ئەگەر بڵێم: زۆرینەی وڵاتان و دەزگا هەرە پرۆفیشناڵەكانی هەواڵگری و لێكدانەوەی سیاسیش، ناتوانن پێمان بڵێن چی دەگوزەرێت و ئەنجام چۆن دەبێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا میدیاكان و حكومەت و شرۆڤەكاران بەهەموو زمانەكانی دنیا، باس لەڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و، سەرجەمیان كۆكن لەسەر ئەوەی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ٧ی ئۆكتۆبەر هەرگیز وەك پێش ئەو بەروارە نابێت و، ئەوەی ڕوویدا كتومت 11ی سێپتەمبەری ئیسرائیلە. كاردانەوەكەش بەئەندازەی ئەو ڕووداوە دەبێت.
پرسیار ئەوەیە: لەكاتێكدا ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزییەكی ترسناك دەڕوات، ئایا دەبێت كورد چی بكات؟ كاتێك لەتەنیشتی ئاگرەكەدایت، چی بكەیت بۆ ئەوەی پریشكت بەر نەكەوێت؟ ڕێو شوێنەكانی خۆپارێزی چی بن؟.
لەڕاستیدا باشترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە: كورد چونكە دەوڵەتی نیە، هیچ كەسێك و هیچ لایەنێك داوای هەڵوێستی لێناكات و، یارییەكە ئێستا لەنێوان دەوڵەتەكان و ئەو قەوارانەدایە كە دەوڵەتەكان بەئاشكرا و ڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەكەن و ئەوانیش شەڕی بەوەكالەت و پرۆكسییان بۆ دەكەن.
لەم نێوەندەدا، كورد وەك ئەوەی چانسێكی تری ژیان و سایكۆلۆژیایەكی ئارامی پێ بەخشرابێت بۆ بڕیاری ڕاست و دروست، دێتە بەرچاو. كورد دەتوانێت بێلایەنی هەڵبژێرێت و، لەهەموو ئاست و سێكتەرەكاندا، گوتاری بێلایەنی زاڵ بكات و، لەڕووی مرۆییەوە بۆ ئێش و ئازاری هەموو قوربانییەكان هاوسۆزبێت. هەرگیزیش لەگەڵ یەكلایی كردنەوەی كێشەكاندا نەبێت بەهێز.
پێویستە كورد وەك تاك، وەەك حكومەت و دامەزراوەكانی، لەوە دڵنیابن كە هەموو چركەكانی ئەم قۆناغە ناسكە دەبنە مێژوو، دەبنە مۆرك و لەداهاتوودا كوردیان پێ دەناسرێت. ناكرێت لەژێر هیچ پاساوو بیانوویەكدا، ناو و ناوبانگ و مێژوو فەرهەنگی كورد وەك نەیاری هیچكام لەلایەنەكانی ئەم پێكدادانە بناسێنین. سبەینێ ببێتە مۆرك بۆ نەوەكانی داهاتوو.
لەكاتێكدا كورد هیچ فشارێكی لەسەرنیە، هەروەها دەولەت نیە تاكو پابەند بێت بەوەی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئێستاش خۆی خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە و پێویستی بە كۆكردنەوەی زۆرترین دۆست و لایەنگرە، لەبەرهەموو ئەو خاڵانە پێویستە ڕەچاوی بێلایەنی تەواو بكات و، لەدژوارترین بارودۆخیشدا، خۆی یەكلایی نەكاتەوە بۆ دژایەتیكردنی لایەنێك لە لایەنەكانی ئەم پێكدادانە ترسناكە.
هاوكات، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەكو ئەوقاف و
ڕۆشنبیری، پێویستە ڕێنمایی دەربكەن بۆ ئەوەی مامۆستای مزگەوتەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پەیچ و سۆسیالمیدیاكان، پابەندبن بەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندی بارودۆخی كورد و هەستیاری ڕەوشەكە بكەن. هاوكات لەبەر كۆمەڵێك ئیعیتباری
عاتیفی، ناو و ناوبانگی كورد لەكەدار نەكەن.
دواجار دەڵێم: كورد پەندێكی جوانی هەیە دەڵێت: تاكو
نەگەیتە بوار، قولت هەڵمەكە! واتە تاكو مەسەلەكان ڕوون نەبنەوەو، كاتی قسەكردن نەیەت، قسە مەكە و هەڵوێست دەرمەبڕە!
ئێستاش ئەوەی لەبەرچاومان ڕوودەدات، سەرەتایە و، كاتی ئەوە نیە كورد قولی هەڵبكات و خۆی بكاتە كەواسوری بەر لەشكر و، دوژمن بۆخۆی زیاد بكات، لەكاتێكدا ئەم پێكدادانە ئەوانە ناگرێتەوە كە دەوڵەتیان نیە.