پێشە‌نگایە‌تیی پیشە‌ مامۆستایە‌تی

بەکر کەریم حەسەن*


ڕۆماننووس و نووسەری بەناوبانگی میسری (نەجیب مەحفوز) دەڵێ: “مامۆستا خاوەنی پیشەیەكی هێندە گەورەیە، كە هەموو پیشەكانی تر لەسەر دەستی ئەو دەردەچن”.
كاتێك هەر وتەیەك پەندێك قسەیەكی نەستەق لەلایەن كەسانی بەناوبانگ و زانا و دانا و فەیلەسوف لەسەر مامۆستا دەگوترێ، بۆمان دەردەکەوێت كەوا ڕۆڵی مامۆستا چەند گەورە و كاریگەرە لە ژیانی هەر مرۆڤێكدا ئاماژەیەكی ڕوون و بەڵگەدارە لەسەر گرنگی و بایەخی ڕۆڵی مامۆستا لەسەر كۆی كۆمەڵگە بە گشتی.
گەر هەموو پیشەیەك بنچینە و یاسا و ڕێسای خۆی هەبێت، بێ شك پیشەی مامۆستایەتی جودا لە هەموو بنچینە و یاسا و ڕێسا گشتییە پەیوەندیدارەكان بنچینەی ویژدان و مرۆڤایەتی و ڕەوشتی پیشەیی هەیە، كە بە بنچینە هەرە گرنگ و بنەڕەتییەكان دادەنرێت، لە کاری پەروەردەكردن و فێركردن خۆی دەبینێتەوە كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر گۆڕینی ڕەفتار و ئەدگار و خووڕەوشتی قوتابی، كە هەمیشە وەكو چاودێرێكی زیندوو لە ناو ناخی مامۆستادایە و ئامۆژگاری و ڕێنماییی دەكات لە ڕاپەڕاندنی كارەكەیدا. بۆیە زۆر ڕاستە كە دەڵێن مامۆستایەتی ویژدانە و قوتابییش ئامانەت، گەر ویژدان بوونی نەما و ون بوو، ئەوا ئامانەتیش ون دەبێ و نامێنێ، بۆیە پیشەی مامۆستایەتی هەمیشە پەیامێكی بەرز و جێگا و پایەكی بڵندە و بەردەوام كاریگەری گەورەی هەیە لە ئێستا و پاشەڕۆژی كۆمەڵگە بە گشتی و بەرئەنجام و دەرئەنجامەكانی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن. هەردەم مامۆستا هەست بە بەرپرسیاریەتی گرنگی پیشەكەی دەكات لە گەیاندنی پەیامەكەی و كاریگەری و بایەخی ئامادەبوونی و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی كە بۆی هەوڵ دەدات، چونكە مامۆستای دڵسۆز و سەركەوتوو خاوەن ویژدانی زیندوو، سەرنجی قوتابییەكانی بۆ لای خۆی كێش دەكات و دڵ و هەست و سۆزی قوتابیان بۆ لای پیشەكەی خۆی و كەسایەتیی مامۆستایەتی كێش دەكات، بە نەرمونیانی و میهرەبانی و دلۆڤانی و نیازپاكی و ویژدان ئاسوودەیی کە دەبێتە مایەی سەرسامی قوتابییەكانی و ڕێزی لێ دەگیرێت.
لای كەسمان شاراوە نییە هەر مامۆستایەك پیشەكەی خۆی خۆش بوێت و دڵسۆز دەبێت بۆ كارەكەی، داهێنانی تێدا دەكات و چێژ و خۆشی و سەركەوتن لەم كارە دەبینێ و، هەمیشە وەكو پێشەنگ لە ڕووی كەسایەتی و زانستی و پەروەردەیی دەردەكەوێت، بە سەر ئاستەنگ و كێشەكاندا زاڵ دەبێت و ڕێگا قورس و سەختەكان ئاسان دەكات، لای قوتابیەكانی نموونەی هەرە بەرز دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە، دەبێتە جێگای متمانە و باوەڕ و دڵنیایی هەم بۆ قوتابییەكان كە ئامانەتی كۆمەڵگان، هەم لای كەسوكاری قوتابیان كە خاوەنی ئەو ئەمانەتە و
خاوەنی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنن.
مامۆستای باش ئەوانەن كە لە دڵەوە قوتابیان پەروەردە دەكەن و فێریان دەكەن و شوێنەواری دوورمەودا لە دڵ و دەروون و ناخی قوتابیدا جێ دەهێڵن، دەبنە مایەی فەخر و شانازی بۆ قوتابیەكانیان و بە گەشی و چاكە و گەشبینی و وەفاداری یادی ئەو مامۆستایانە دەكەنەوە؛ گرنگە قوتابی لەگەڵ مامۆستاكەیدا هەست بە پارێزراوی و دڵنیایی و متمانە بكات و بزانێ كەوا مامۆستا دڵسۆز و خەمخۆری قوتابیەكانیەتی و دەستبەرداری نابێت، چونكە پیشەی مامۆستایەتی هەڵگری پەیامی ڕاستەقینەیە؛ ئەویش بنیاتنان و تێگەیاندن و پێگەیاندنی قوتابییە لە ناخەوە تاوەكو كەسێكی بەهێز وەكو شاخ دروست بكات، كە هەڵگری هەموو سیفەت و ئەدگار و ڕەفتاری جوانی نیشتمانی و پەروەردەیی و ڕەوشتی جوان و هاووڵاتیبوون و خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی تێدا بەرجەستە بێت و رە‌نگ بداتە‌وە‌