محەممەد خورشید، لەیادی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند: 16ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی رەشە لە مێژووی کوردستان، کە لە رێگەی ناپاکی هەندێک کەس رووبەرێکی فراوانی کوردستان فرۆشرا.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، گوتی: “ئەمڕۆ یادی یەکێکە لە رۆژە رەشەکان بۆ گەلی کوردستان لە مێژووی هەر چوار پارچەی کوردستان، کە دوژمنانی کورد لە رێگەی ناپاکی هەندێک کەس لەناو لایەنێکی سیاسی کە سەنگەرەکانیان وەڵاکرد دەرگایان بۆ کردنەوە، بۆ ئەوەی رووبەرێکی فراوانی کوردستان، کە بە خوێن و تێکۆشانی گەلی کوردستان ماوەیەکی زۆر پارێزراو بوو، بە رێککەوتنێکی ژێر بە ژێر فرۆشرا”.
گوتیشی: “ئەوەی روویدا لە 16ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە کورد لەو بارودۆخە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییەی کە هەیبوو چەند هەنگاوێکی گەورە پاشەکشەی پێ بکرێت، ئەگەر بەرگری پێشمەرگە نەبوایە لە پردێ و سحێلا و ناوچەکانی دیکە پیلانیان ئەوە بوو مەبەستیان بوو هەرێمی کوردستان هەڵوەشێننەوە”.
محەممەد خورشید، ئاماژەی بەوەشدا: “هەرچەندە هیچ لایەنێکی ناوخۆیی لەو رووداوانە سوودمەند نەبوو، بەڵام کورتبینی هەندێک بەناو سەرکردە لەو سەردەمە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی خۆیان و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارانەیان جێبەجێکرد و پێیان وابوو دڵی دەوڵەتێکی هەرێمی خۆش دەکەن و هەندێک دۆستی ناوخۆیش زیاتر دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکان رێککەوتبون کە چەندین ملیۆن دۆلاریان پێبدرێت لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی قاچاغ”.
دەشڵێت: “لە دوای ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر ئەو پەیامە کۆمەڵایەتییەی لە کەرکووک هەبوو نەما، چونکە کورد کە زۆرینەی شارەکەیە دەسەڵات و پۆستەکانی لێوەرگیراوە، کە بە رێگەی یاسایی پۆستەکانی پێدرابوو بە زۆر پاشەکشە بە کورد کرا، ئەمە وایکرد لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کاریگەری هەبێت”.
محەممەد خورشید، باسی لەوەشکرد: “پاش ئەوەی لە زەوی و ئاسمانەوە گەماڕۆ خرایە سەر هەرێمی کوردستان، کە فڕۆکەخانە و سنوورەکان داخرابوون، لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بڕیاردرا کار بکرێت بۆ شکاندنی گەمارۆ، لە رێگەی فشار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە گۆڕدرا”.
ئەوەشی خستەڕوو: “ژمارەیەک لە بارەگا و ماڵی کادیرەکانمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک تاڵان و داگیرکراون، لە کابینەکانی رابردووی حکومەتی عێراقیش چەندین جار گفتوگۆی لەسەر کراوە، لە کاتی پێکهێنانی ئەم کابینەی حکومەتی عێراق بابەتی بارەگاکانی پارتی، بە هەوڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی پارتی لە بڕگەی 13ی بەرنامەی کاری حکومەتی عێراق جێگیرکرا”.