هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

خولێكی تینسی سه‌رمێز بۆ خاوه‌ن پێدوایستی تایبه‌ت له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌وه‌

به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو، كۆمه‌ڵگه‌ی سمایلاند خولێكی بۆ چه‌ند یاریزانێنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ شاری هه‌ولێر كرده‌وه‌، كه‌ خوله‌كه‌ له‌ هۆڵی رۆیال مۆڵ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، ئه‌م پاڵه‌وانیتییه‌ به‌ هه‌مانگی لێژنه‌ی پارائۆلمپی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سمایلاند، حاجی ئاغا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: ئامانجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م خولانه‌ گرینگی دانه‌ به‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانی شاری هه‌ولێر، كه‌ هه‌ست بكه‌ن به‌شێكی دانه‌بڕاوی كۆمه‌ڵگه‌ن، جێگه‌ی بایه‌خی ئێمه‌ن، ئامانجێكیترمان ئه‌وه‌بوو، ره‌خساندنی كه‌شێكی خۆش بووه‌، بۆ ئه‌م یاریزانانه‌ی له‌م پاڵه‌وانێتییه‌ به‌شداریان كردووه‌، په‌نا به‌خوا له‌ داهاتوو كاری باشتر و جوانتر بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
وتیشی: نزیكه‌ی 20 یاریزان به‌شداری خوله‌كه‌یان كردبوو، كه‌ به‌سه‌ر دوو گرووپ دابه‌شكرابوون، له‌ هه‌ر گرووپێك یه‌كێك بۆ یاریی كۆتایی سه‌رده‌كه‌وت، له‌ كۆتایی خوله‌كه‌ش خه‌ڵاتی تایبه‌ت به‌سه‌ر براوه‌ی خوله‌كه‌ دابه‌شكرا.
له‌ كۆتاییدا لێژنه‌ی پارائۆلمپی كورستان خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سمایلاند، كه‌ ساڵانه‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و دڵی ئه‌و به‌شه‌ گرینگه‌ی كوردستان دڵخۆش ده‌كه‌ن