یاسین ئه‌حمه‌د خدر – سلێمانی
سه‌رچنار گه‌ڕه‌کە دێرین و گه‌وره‌کەی شاری سلێمانی، هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگه‌ی خه‌ڵکی شار، هه‌وێنی شیعری شاعیران و جێژوانی دڵداران، پاییز و سه‌رچنار دوانه‌یه‌کی لێكدانه‌بڕاو چونکه سه‌رچنار له پاییزدا جیاوازتره له وه‌رزه‌کانی دیکه و، لەگەڵ زه‌ردهەڵگەڕانی گه‌ڵای داره‌کانی و هه‌ڵوه‌رینیان سیحرێکی تایبه‌تی ده‌دات به‌م جێگه دڵڕفێنه.
مێژووی سه‌رچنار
سه‌رچنار به دووری (5 کم) ده‌که‌وێته باکووری خۆرئاوای شاری سلێمانییه‌وه، مێژووی ئاوه‌دانکرانەکەی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای دروستکردنی شاری سلێمانی له ساڵی (1874) له‌لایه‌ن بابانییه‌کانه‌وه، هه‌رچه‌نده وا گومان ده‌برێ که پێشتریش ئاوه‌دانیی لێ بووبێت به‌هۆی گونجانی شوێنه‌که بۆ ژیان و بوونی چه‌ند گۆڕستانێكی کۆن، یه‌کێك له هۆکاره‌کانی دروستکردنی شاری سلێمانیش له‌و شوێنه‌ی ئێستای ئاوی سه‌رچنار بووه، که شوێنی پشوودان و کات به‌سه‌ربردنی دانیشتوانی شار بووه، هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقدا له ساڵی (1925) کراوه‌ته ناحیه و له‌سه‌ر قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی بووه، کاتێك له ساڵی (1957) به‌هۆی بوونی به‌ردی به‌نرخه‌وه کارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار دروستکرا بۆ ئه‌و کرێکارانه‌ی له‌و کارگه‌یه کاریان ده‌کرد حکومه‌ت (433) خانووی بۆ دروستکردن، جگه له دروستکردنی بازاڕێکی نوێی سه‌رده‌می و مزگه‌وت و بنکه‌ی ته‌ندروستی و چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك، به‌وهۆیه‌وه سه‌رچنار زیاتر گه‌شه‌ی کرد و ئاوه‌دانییه‌کی فراوان ڕوی تێکرد، سه‌ره‌تای ساڵانی دووهه‌زار به‌هۆی گه‌وره‌بوونی شار و تێکه‌ڵاوبوونی سه‌رچنار له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌که‌کانی دیکه، کرایه گه‌ڕه‌کێكی گه‌وره‌ی سلێمانی و چه‌ندین گه‌ڕه‌کی دیکه‌ی لێکرایه‌وه.
هاوینه‌هه‌واری سه‌رچنار
هاوینه‌هه‌واری سه‌رچنار یه‌کێکه له دڵگیرترین هاوینه‌هه‌واره‌کانی سلێمانی و کوردستان و عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌یرانگه و شوێنی گه‌شتوگوزاری دیکه له سلێمانیدا دروست کراوه، به‌ڵام سه‌رچنار تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و گه‌شتیاران کاتێك دێنه سلێمانی سه‌رێك له سه‌رچنار ئه‌ده‌ن و به دیمه‌نه ئه‌فسوناویه‌کانی سه‌رسام ده‌بن، به‌تایبه‌ت له وه‌رزی پایزاندا خه‌ڵکی شار بۆ بینینی دیمه‌نی جوانی زه‌ردبوونی گه‌ڵای داره به‌رزه‌کان و وه‌رینیان ئاره‌زوی سه‌ردانی سه‌رچنار ده‌که‌ن.
ئاوه‌که‌ی سه‌رچنار
ئاوی سه‌رچنار، که سه‌رچاوه‌ی جوانی و قه‌شه‌نگیی ئه‌م نیشتمانه ڕازاوه‌یه‌یه، بریتییه له ئاوێکی سروشتی که له به‌رزاییه‌کانی ده‌وروپشتیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، له ساڵانی په‌نجای سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه تا ساڵانی هه‌شتا تاکه سه‌رچاوه‌ی دابینکردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاری سلێمانی بووه و تا ئێستاش سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ ئاوی ناوشار.
سه‌رچنار له دڵی شاعیرانی کورددا
شاعیرانی کورد له هۆنراوه‌کانیاندا باسی جوانی و قه‌شه‌نگی سه‌رچناریان کردووه، گه‌وره شاعیری کورد (نالی) له چامه به‌ناوبانگه‌که‌یدا که پاش ڕوخانی میرنشینی بابان و داگیرکردنی سلێمانی له‌لایه‌ن داگیرکه‌ره عوسمانییه‌کانه‌وه له ئاواره‌ییدا بۆ سالمی نووسیوه ده‌ڵێت:
ئه‌مجا مه‌وه‌سته تا ده‌گه‌یه عه‌ینی (سه‌رچنار)
ئاوێکه پڕ له نار و چنار و گوڵ و چنوور
چه‌شمێکه میسلی خۆر که له سه‌د جێ، به ڕۆشنی
فه‌ورانی، نوری سافه له‌سه‌ر به‌ردی وه‌ك بلوور
یا عه‌کسی ئاسمانه له ئاوێنه‌دا که‌وا
ئه‌ستێره‌کانی ڕابکێشن وه‌ك شه‌هابی نوور
یا چه‌شمه‌ساری خاتری پڕ فه‌یزی عاریفه
یه‌نبوعی نووره دابڕژێنێ له کێوی توور
سالم له وه‌ڵامی نالی‌دا باسی سه‌رچنار ده‌کات و ده‌ڵێت:
سووتا دڵم به حاڵه‌تی جۆباری سه‌رچنار لێڵاوه چه‌شمه‌ساری وه‌کو چاوی بێبه‌سه‌ر
ئه‌و ده‌شته جایی یاریی یارانی حوجره بوو یه‌کسه‌ر مه‌قامی ڕۆمییه هه‌روه‌ك ته‌هی سه‌قه‌ر
پیره‌مێردی نه‌مر ده‌ڵێت:
زه‌مزه‌مه‌ی بولبولی ئێوارانی نه‌رمه‌بارانی ژێر ده‌وارانی
له نه‌شئه و به‌زمی سه‌رچنارانی وشکه‌سۆفی ده‌خاته گۆرانی
به‌ختیار زێوه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه بۆ سه‌رچنار به ناوی (گۆرانیی سه‌رچنار) که به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌کات:
ئاوه‌که‌ی سه‌رچنار
چاوگه‌که‌ی نیشتمان
لای منی ده‌رده‌دار
تۆی شیفابه‌خشی گیان
کۆتایی هۆنراوه‌که‌شی به‌م چوارینه‌یه‌یه:
ئه‌وده‌مه‌ی جار به جار
دێمه سه‌یران له لات
بانگ ئه‌که‌م پڕ به زار
گه‌ییمه ئاوی حه‌یات
هه‌روه‌ها شاعیری هه‌ستناسك (ئیسماعیل محه‌مه‌د) له کۆتایی هۆنراوه به‌ناوبانگه‌که‌ی (بیری سلێمانی ناکه‌ی)دا سه‌رچناری له‌بیر نه‌کردووه و ده‌ڵێت:
سه‌رچنار چۆن له‌بیر ئه‌کرێ
کوێ جێی ئه‌زمه‌ڕ ئه‌گرێته‌وه
هه‌تا ئه‌مجاره دێیته‌وه
هیچ وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه