سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان دژی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و ڕێگریی لە بازرگانیی بەم ماددە مەترسیدارە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ چارەکردنی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر کرد.
دوێنێ یەکشەممە، لە هەولێر کۆنفرانسی ڕووبەڕووبوونەوەی مادددە هۆشبەرەکان بەڕێوەچوو و لە کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و کەم و کورتییەکان و هۆکانی پەرەسەندنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تێیدا وێڕای بەرپرسانی باڵای ناوخۆ، نوێنەرانی وڵاتانیش قسەیان کرد و بە پێویست زانرا حکوومەت توندتر لە جاران بەرەنگاری ئەو دیاردە مەترسیدارە ببێتەوە.
ئامار و ڕاپۆرتەکانی پۆلیس و ئاسایش کە لە ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە دەیسەلمێنن مادەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندندان و سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری قاچاخچی لە هەرێمی کوردستان گیراون و بەشێکیان حوکم دراون بەڵام هێشتا ئەو دیاردەیە نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو لە هەڵکشاندایە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت ڕێکار و سزا و ڕێوشوێنەکان توندتر بکرێن.
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوو سنوورەوە مەترسی ئەوەی لەسەرە ماددەی هۆشبەری لێیەوە هاوردە بکرێت کە یەکێکیان سنووری هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران و دووەمیشیان سنووری درێژی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووەتە کایەوە، دەرفەتی زیاتری بە بازرگانانی مادەی هۆشبەر داوە تا پەرە بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر بدەن.
تەنیا لەمساڵدا لە کوردستان نزیکەی هەزار کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان گیراون. ئامارەکان دەری دەخەن کە دیاردەکە لە کوردستان بە خێرایی لە زیادبووندایە و هەر بۆیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی هیممەتی هەڵماڵیوە و دەیەوێت رووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببێتەوە کە بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تیرۆر مەترسیدارترە.
بۆ نموونە مانگی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان گرتنی نۆ گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەری ڕاگەیاند کە بڕی زیاتر لە چوار سەد و پەنجا و دوو کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و پەنجا کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیۆنیان پێ بوو. ئەوان لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و ئەنبار دەستگیرکرابوون و سەرچاوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەو تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییەش لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەوێشەوە بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو ڕۆیشتووە.
دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپترە و بازرگانان و قاچاخچیانی هەر دوو بەش بە یەکەوە پێوەندییان هەیە و بۆیەش هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دژی ئەم دیاردەیە دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت.
بە پێێ ماددەی ٢٦ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوردستان، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن بە توندی سزا دەدرێن کە سزای پازدە تا نەوەد ملیۆن دینار پێبژاردن و بەندکردنیشیان بۆ دیاری کراوە.
ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر داندراون زۆر توند نین و ئەمە دوێنێ لە کۆنفرانسەکەی هەولێر لە لایەن عەبدولجەبار عەزیز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنە کرایەوە و داوای کرد گۆڕان لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بکرێت و سزاکان زۆر قورس بکرێن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری گوتی لە ساڵی ١٩٦٥ یاسای ژمارە ٦٨ هەبوو لە عێراق سزایەکی زۆر توند بوو و ئەمەش ترسی لای بازرگانان و بەکارهێنەران دروست کردبوو و تەنانەت خەڵک دەترسان ناوی ماددەی هۆشبەر بێنن. تا ٢٠٠٣ دۆخەکە لەم ڕووەوە زۆر باش بوو، بەڵام دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی عێراق بەتایبەتی بازرگانەکان بە هەلیان زانی بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بێنە ناو عێراق دواتریش بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو ئاماژەی دا بۆیان دەرکەوتووە کە خەڵک لە سزای پێبژاردن ناترسن و بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاد دەبێ و پێویستە سزای توندی زیندانیی تا گرتنی هەتاهەتایی و لەسێدارەدان ڕەچاو بکرێت.
ماددەکە، وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە وتارەکەی دوێنێیدا دا خستیەڕوو لە تیرۆر زۆر مەترسیدارترە بۆیەش سووربوونی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بە پڕبایەخ هەژمار دەکرێت؛ هەنگاوێک کە بە بێ یارمەتیی سەرجەم دەزگاکان و خەڵک بەدی نایەت.