سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری لاوان و وەرزشی فیدراڵ دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری لاوان و وەرزشی فیدراڵ کرد و هەردوولا دۆخی وەرزش و لاوانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دۆخی وەرزش و لاوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پێویستی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان له چالاکیی و پاڵەوانێتییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی چالاکی و پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتیی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردەوە.

وەزیری لاوان و وەرزشی فیدراڵ، خواست و ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی وەرزشی و پەرەپێدانی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەربڕی.