دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕۆنان و بنیاتنانیپرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان به‌رده‌وامه‌

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، حه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌جۆرێكه‌، ڕۆژانه‌ زیادتر له‌ دوو پڕۆژه‌یه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كرێت.

له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكرا.
یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێكه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، كه‌ له‌سه‌رڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی شاره‌وانی، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی پێنج له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا.
تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی پێنج له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستیان كرد به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گوندی گرده‌ ڕه‌شه‌ی بچووك له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی پێنج له‌ شاری هه‌ولێر.
هاوكات له‌ پیرزینی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، حه‌فته‌ی ڕابردوو دوو پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆ به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و ملیۆن دینار، له‌و سنووره‌ كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گرفتی پەنگخواردنەوەی ئاوی باران له‌و سنووره‌ ده‌بێت.
ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی ئاوه‌ڕۆ كه‌ له‌ سنووری شاره‌وانی پیرزین ڕۆ ده‌نرێت، به‌ گوژمه‌ی دوو سه‌د و بیست و سێ ملیۆن دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت، بڕی پاره‌كه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدان و سه‌رباری پارێزگه‌ی هه‌ولێره‌، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و شاره‌وانی پیرزین جێبەجێ ده‌كرێت.
به‌ ته‌واوبوونی ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ پیرزین، ئه‌گه‌ری پەنگخواردنەوەی ئاوی زیاده‌ی باران كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ڕێگری له‌ دروستبوونی لافاو له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات.
پڕۆژه‌‌كان بریتین له‌، دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ كۆتایی شاری مامۆستایان، كه‌ ئاوه‌ڕۆی چه‌ندین شاری نیشته‌جێبوون وه‌رده‌گرێت، هاوكات پڕۆژه‌كه‌ی دیكه‌ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌ییه‌ له‌ نێوان گه‌ڕه‌كی ئازادی و پیرزینه‌، كه‌ به‌هۆی هاتنی وه‌رزی بارانبارینه‌وه‌، هه‌وڵده‌درێت له‌ نزیكترین كاتدا كاره‌كانی ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ سه‌ر خه‌رمانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ی پێشكه‌شی هاووڵاتیانی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیانی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارری له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ شاری كۆیه‌ جێبه‌جێ كرد.
به‌پێی داتاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابروودا، ده‌ پڕۆژه‌ له‌ كۆی حه‌ڤده‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی كۆیه‌ په‌سەند كراون.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن بۆ شاری كۆیه‌ په‌سەند كراون بریتین له‌، ڕاكێشانی تۆڕی نوێی ئاوه‌ڕۆ و چاكسازی له‌ تۆڕه‌كانی ئاوه‌ڕۆ و پێویستییه‌كانی خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ ‘شه‌ب و كلیۆر’، دابینكردنی لوولە و هاوپێچه‌كانی بۆ گه‌نجینه‌ و پڕۆژه‌كانی ئاو و ده‌سته‌به‌ركردنی په‌مپ و ماتۆڕ و هاوپێچه‌كانی بۆ پڕۆژه‌كانی پاڵاوتنی ئاو و چاڵاوەکان.
هاوكات چاكسازیی له‌ ئامێر و مۆلیده‌كان و سیسته‌می سكادای پڕۆژه‌كانی ئاو، ئه‌وه‌ سه‌رباری دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ و كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی بۆ كۆنترۆڵ و په‌ناڵ و پێكهاته‌كانی بۆ به‌شی كاره‌بای پڕۆژه‌كانی ئاو، له‌گه‌ڵ چاڵاوە‌كان.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی ڕێژه‌ی ١٧%ی داهاتی ئاو و وه‌به‌رهێنانی تایبه‌تی پلان و ئاسایی جێببه‌جێ ده‌كرێن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئاو و دابه‌شكردنی ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌.
هه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن و ئاوه‌ڕۆ له‌ زاخۆ جێبه‌جێ كران.
به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ ملیارێك و پێنج سه‌د ملیۆن دینار، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی زاخۆ جێبه‌جێ كران.
پڕۆژه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتیی تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی زاخۆ جێبه‌جێ كران، كه‌ پێكهاتوون له‌ دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قام به‌ درێژایی دوو هه‌زار و سێ سه‌د مه‌تر، له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ به‌ درێژایی دوو هه‌زار و پێنج سه‌د مه‌تر له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی زاخۆ.
هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا و له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی، هه‌ڵمه‌تێكی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كان جێبه‌جێ ده‌كات.
به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شه‌قامه‌كان، له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، تیمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی سێ، ژماره‌یه‌ك شه‌قام و دوورگه‌ی ناوه‌ندییان نۆژه‌ن كرده‌وه‌.
له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كارگه‌ی قیری شاره‌وانی، تیمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی پێنج، كاری لابردن و دوورگه‌ی ناوه‌ندی و قیرتاوكردنی چه‌ندان شه‌قام له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌برد و به‌رده‌وامی به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌درێت.
هاوكات تیمه‌كانی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانیی چوار و شه‌ش له‌ دوو هه‌ڵمه‌تدا، ژماره‌یه‌ك شه‌قامیان له‌ گه‌ڕه‌كی باداوه‌، ئیسكان، سه‌ربه‌ستی ٣٢ پارك نۆژه‌ن و قیرتاوكردنه‌وه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌قامانه‌ی گرفتیان بۆ دروستبووه‌.
به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و زیادتر خزمه‌تكردنی دانیشتوانی شه‌قڵاوه‌، پڕۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی شەقڵاوە‌ جێبه‌جێ كرا.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ له‌ قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی له‌ شه‌قڵاوه‌ پێكهاتووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی پلانی شاره‌وانیی، له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێكرا.