ناز فەلەکەدین کاکەیی
بەشی ١
بەیانیان لە کەشە ئارامەکەی پارکی سامی عەبدولڕەحماندا دەنگی مەلی وەک بولبول و کوکوختی، وزەی ئەرێنی دەبەخشێتە مرۆڤ؛ باڵەخانەی کتێبخانە گشتیەکەی هەولێر، بەیانیان و لەم جۆرە کەشوهەوایەدا و بە دەنگی مەل و وەرینی گەڵای پیرەدارێکی سەیوان، دەرگای بە ڕووی خوێنەران و نووسەران و ڕۆشنبیراندا کراوەیە. ئەوەی زیاتر ڕۆحی تازە بە ژووری کتێبەکان دەبەخشێت بەخششی ڕۆژانەی کتێبە لە لایەن نووسەران و ژیانەوەی ڕەفی کتێبەکانە، تەنها دەوڵەمەندکردنی کتێبخانە لە ڕێگای دیاریکردنی کتێبە لە لایەن نووسەرانی کوردستان (هەرچوار پارچەی کوردستان) و نووسەرانی شارەکانی عێراق وەک بەسرە و بەغدا و ئەنبار.
خواردنەوەی کوپێک قاوە و گفتۆگۆ لەگەڵ نووسەران کە بێجگە لە کاری نووسەرایەتی کاری جۆراوجۆری دیکەیان هەیە، وەک سەرباز، مامۆستا، دوکتۆر، ئەندازیار، بازرگان و کاری سەربەخۆ، کەسایەتی حزبی و حوکومی، ڕۆژنامەنووس، ئەکادیمی؛ بەم جۆرە سەدان کەس بۆ ئەوەی کتێبی خۆیان بناسێنن، کتێبە بەپێزەکانیان پێشکەش دەکەن.
نەبوونی بودجەی تایبەت بۆ کڕینی کتێبی تازەچاپکراو یان سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی، وای کردووە کەمتر کتێبی نوێ بکڕدرێت و ئەوە وای کردووە نەتوانرێت کتێبخانەکە هەمەچەشن لە بابەتە جیاوازەکان ڕەنگاوڕەنگ بکرێت. مێژووی کتێبخانە گشتیەکەی هەولێر دەگەڕێتە ساڵی ١٩٤٣؛ یەکەم جار کتێبخانە بەرامبەر بە چایخانەی بایز لە خۆرئاوای هەولێر بوو. دواتر گواسترایەوە ناو جەرگەی شار پشت پارێزگای هەولێر بەرامبەر بە قەڵات.
ئینجا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە ڕاستەڕێگای تەیراوە بەرامبەر بە مزگەوتی کوێتی بوو؛ دوایی جارێکی تر لە شەقامی ٦٠ مەتری بەرامبەر کارگەی جگەری هەولێر و دواتریش گواسترایەوە بەرامبەر وەزارەتی تەندروستی نزیک ئاگرکوژێنەوەی خانەقا.
ئەمڕۆ کتێبخانە گشتیەکەی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە سەر ڕووبەری ٤٠٠٠ مەتر دووجا دروست کراوە بە هاوکاری تیپی زەیتونی کۆریای باشوور لە ساڵی (٢٠٠٥ ) دەست بە دروستکردنی باڵەخانەی ناوبراو کرا و لە ساڵی (٢٠٠٨) کۆتایی هات. ڕێکەوتی (٢٠٠٨/١٠/٢٢) ڕێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانە بەڕێوە چوو.
کتێبخانە لە دوو نهۆم پێک دێت کە چەندین هۆڵی تایبەت بە کتێب بە چەندین زمان و هۆڵی کتێبی مناڵان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و هەروەها بەشی ئیدارە و ژمێریاری و ئای تی پێک دێت.
دوو هۆڵی تایبەت بە یادەوەری و هۆڵی ڕۆشنبیری و زانیاری تیپی زەیتوونی کۆریای باشوور لە کتێبخانە جوانی تایبەتی بە کتێبخانە داوە کە باس لە مێژووی وڵاتێک دەکات کە لە ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٥٣ یەک لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان بوو، بەڵام بە پێداگیری و کاری نەتەوەکەی، ئێستا یک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەم سەردەمەیە.