بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بۆ “هەولێر” پرۆسەی چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە و پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان کراوە

زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێت: چاکسازی لە لیستی کەمئەندامان کراوە و ئەوانەی زیاتر لە هاوکارییەک وەردەگرن ناویان دەرهێنراوە و مووچەکانیان بڕاوە. دەشڵێ، لە هەولێر سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنینی کەمئەندامان دەکرێتەوە، لە چوارچێوەییاسای چاکسازیدا، کە بۆیەکەم جارە ئەو سەنتەرە بکرێتەوە و پشکنین بۆ کەمئەندامان بکات.

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: “چاکسازییەکانی وەزارەت دوو لایەن دەگرێتەوە، یەکەم دۆسیەی فەرمانبەران کە ٩٠%ی جێبەجێ کراوە، وەزارەت لیژنەیەکی باڵای بۆ چاکسازی پێکهێناوە، جگە لەوەی لیژنەیەکی دیکەی دروست کردووە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو دۆسیەکان، لەگەڵ دروستکردنی لیژنەی لاوەکی کە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێک هاتووە و بە دۆسیەی هەموو فەرمانبەراندا چوونەتەوە، ئەگەریەکێک پلەیەکی زیادی وەرگرتبێت، مووچەی زیاتر بێت،یا نموونەی کەمتر بێت پێداچوونەوەی بۆ کراوە و تەواو بووە، فۆرمی چاکسازی بۆ ئێمە هاتووە و دراوەتە هەموو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان بۆ ئەوەی کار لەسەر بکەن و پڕ بکەنەوە، ئەگەر فۆرمەکان بۆ ئێمە هاتن بۆ لایەنی پەیوەندیدار رەوانە دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەمە تەوەری دۆسیە بوو، بەدواداچوون بۆ تەوەری کەمئەندامانیش کراوە، لەڕێگەی سیستەمی بایۆمەترییەوە دیار بووە هەندێک زیاتر لە جارێک سوودمەندن، هەر کەمئەندامێک زیاتر لە جارێک سوودمەند بێت، ناویان دەرهێنراوە، هاوکارییەکەیان بڕاوە”.
زەکیە سەید ساڵح، ئاشکراشی کرد: “دوو جۆر کەمئەندام هەیە، جۆرێک هاوکارییەکی 150 هەزاری وەردەگرن و فەرمانبەر نین و ئەوانەی دیکە فەرمانبەرن و هاوکاریەکی 100 هەزاری وەردەگرن، ئێمە بۆچوونێکمان هەبوو ئەوانەی فەرمانبەرن مووچە و هاوکارییەکەیان ببێتە دەرماڵەیەک و بچێتە سەر مووچەی مانگانەیان و ئەو ڕێنماییە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو کرایەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی داوای کرد، پێکەوە دانیشین و ڕێنماییەکی یەکگرتوو دەر بکەین بۆ ئەو کەمئەندامانە، بۆیە چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین تا ڕێنمایی تازە دەر بکەین.
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر دەڵێ: “سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی کەمئەندامان لە هەولێر دادەمەزرێت، بۆ ئەو سەنتەرە ڕێنمایی پێویست دەرکراوە و دەرخستە دەرکراوە بۆ کەلوپەلی پێویست بۆ سەنتەرەکە و شوێنیشی بۆ دیاری کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدایە.
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتیشی: “لیستی تەواوی کەمئەندامان کە لە لیژنەی پشکنین دەرچوونە تۆمار کراون و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و رەزامەندیی لەسەر دراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی تا ئێستا بڕیارەکە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لیستی کەمئەندامان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، رەنگە هەندێک کەمئەندام هەبن بەپێی یاسا نەتوانن ئەو هاوکارییە وەربگرن، بۆیە لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام بەدواداچوون دەکەین، کە ئێستا زیاتر لە 77 هەزار کەمئەندام لە وەزارەتەکەمان هاوکاری وەردەگرن لەگەڵ 13 هەزار فەرمانبەر، بەڵام رەنگە گۆڕانکاری لەو ژمارەیەدا بکرێت”.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەش کرد: “پێشتر تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەو خەڵکەی هاوکاری دەکرا، بەپێی چەند رێنماییەک بوو، ئێستا لەگەڵ رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی کار دەکەین، بۆ ئەوەی سیستەمێک دابنێین، ئەو سیستەمە بەشێوەیەک بێت کە لەسەر بنەمای هەژاری هاوکاریی ئەو خەڵکە بکرێت، لەگەڵ ئەوەی کار دەکەین بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست، هەر لە نسبەی ئەو بابەتە دەمانەوێت هاوکاریی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بکەین، ئەوەش دوو شت لەخۆ دەگرێت ئایا راستەوخۆ دەتوانین پارەیان پێ بدەین،یان سەبەتەی خۆراک بەسەریاندا دابەش دەکەین، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەو سیستەمەی کە دادەنرێت”.

ھەواڵی زیاتر