عومەر چنگیانی
هەرگیز نامەوێت لە دوو ناونیشانە سەرەکییەکەی گۆشەکەم دوور بکەومەوە، بۆیە ڕووداوە خوێناوییەکانی ئێستای فەلەستین ناکەمە دەلیفەی دەرچوون، وەلێ بە ئەرکی دەزانم کۆتایی سیوچوارەم ئایەتی سوورەتی (بەنی ئیسرائیل؛ ئیسرا) بێنمەوە بیری هەر مسوڵمانێک کە دەفەرمێت:
(بەڕاستی سۆزی و گرێبەست و پەیمانپارێ، بەرپرسیاریەتییە).کە لەکاتی هەر شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مسوڵمان و بەرامبەرەکانیشیاندا ڕێگە نادرێت بە شکاندنی عەهد و سۆزی و گرێبەستی پارێزگاری و، هەر سووکایەتیکردنێ بە گەشتیار یان کارمەندێکی بیانی لەلایەن هەر کەسێکەوە بکرێت بە پاساوی شەڕی نیوان دوو هێز لە شەرعی ئیسلامدا ڕەوا نییە و ڕێی پێ نادرێت، لێرەوە پێم خۆشە پوختەی نووسینێکم بکەمە توێشووی گۆشەی ئیمڕۆم کە لە ژێر ئەو سەردێڕەی سەرەوەدا لە لاپەڕە ٢ی ژمارە (١٣٦٣) ڕۆژنامەی خەبات لە ١٥/٢/٢٠٠٤ بۆم بڵاو کراوەتەوە و تیایدا هاتووە:
(زانای پایەبەرزی فەرموودەزان، بوخاری ڕەحمەتی خوای لێ بێ، بۆمان دەگێڕێتەوە، لە (عەبدوڵا)ی کوڕی (عومەر)ەوە، خوایان لێ ڕازی، وەک لە کتێبی (فتح الباری، شرح صحیح بخاری) فەرموودەی ژمارە ٤٣٣٩ـدا ھاتووە: کە پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لەسەر) لە مانگی (شەوال)ـی ساڵی ھەشتی کۆچی، دوای ڕزگارکردنی شاری (مەکە)ی پیرۆز، (خالید)ی کوڕی (وەلید)ی نارد، لەگەڵ ٣٥٠ کەس لە یاوەرە یارمەتیدەرە (مەدینەیی) و کۆچەری (مەکەیی)ـەکاندا، بۆ ناو خێڵی(بەنی جەزیمە) کە دەکەوتنە خوارووی (مەکە)وە نزیک (یەلەملەم) بۆئەوەی بانگیان بکات بۆ مسوڵمانەتی، نەک بۆ شەڕکردنی ناردبێ، کە (خالید) گەیشتە لایان، ئەوان گەرچی ھەر عەرەبیش بوون، زمانیان پاراوی نەبوو لە وتنی: وشەی بڕوامان ھێنا (اسلمنا)! لەبەرئەوە ھاتن وشەیەکی تریان بەکار ھێنا و گوتیان: (صبانا) کە مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ھەڵگەڕاینەوە لە ئایینی کۆنمان، بەڵام ئەم وشەیە کاتی خۆی، قورەیشەکان بۆ توانج بە مسوڵمانانیان دەگوت: (صبوا عن دین ابائهم) واتە: لە ئایینی باب و باپیرانیان ھەڵگەڕاونەتەوە، خالید بە ھەڵە لە قسەکەیان گەیشت و وای زانی، مەبەستیان بەوەیە کە بەو ئایینە تازە ڕازی نین و ھەڵدەگەڕێنەوە، ئیتر ئەم بۆچوونە لارەی خالید، ڕەزای خوای لێ بێ، کاری کردە سەر کردەوەی و خێرا دەستی کرد بە کوشتنی ھەندێکیان و ھەندێکیانی بەدیل گرت و ھەر سەربازەی کە لەگەڵی بوو دیلێکی پێ سپارد، تا ڕۆژێکیان خالید فەرمانی دەرکرد، کە ھەر سەربازە و دیلەکەی خۆی بکوژێ. لە میانەی سەربازەکانیدا عەبدوڵڵای کوڕی عومەری تیابوو، ھەستی کرد کە سەرکار (ئەمیر)ەکەی، لەو بڕیار و تێگەیشتن و کردەوەیەیدا، بەھەڵەدا چووە، لەبەرئەوە، فەرمووی: سوێند بەخوا ئەو دیلەی بە من سپێردراوە نایکوژم و ھیچ کەسیش لەوانەی من لێیان بەرپرسیارم دیلەکەی خۆی ناکوژێت، کە گەڕانەوە سەرجەم ڕووداوەکەیان گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر، درود و سڵاوی خوای لەسەر، ئەویش دەستی بڵند کردەوە بۆ ئاسمان و دوو جار فەرمووی: ئەی پەروەردگار! من دوورم لەو کارەی کە (خالید)ی کوڕی (وەلید) کردوویەتی! (١)
پەراوێزەکان:
(١) بنواڕە کتێبی (فتح الباری، شرح صحیح البخاری)ـدا، فەرموودەی ژمارە (٤٣٣٩).
previous post