دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دانپیانانێکی حاشا هەڵنەگر


پەری عومەر ئەسعەد
ئەوکاتەی قوتابی کۆلێژ بووم، ئەدەب و زمانی عەرەبیم دەخوێند، قوتابییەکی جددی و تێکۆشەر بووم. هێندە قوڵ رۆچووبوومە نێو دنیای ئەدەبی عەرەبی، وامدەزانی ئەوکەسانەی لەبواری (رەخنە/النقد) دەنووسن بەکۆن و نوێ و هاوچەرخ بریتیین لە: ( جاحز و جورجانی و قدامە، لەگەڵ تەهاحوسین و عەقاد و محەمەمد مەندور و غونیمی هیلال، لە ئینگلیزیش کۆلدرج و جون ورزن ..هتدد) هەتا بەحسی تەخەروجم نووسی، کە بریتی بوو لە ئەدەبی بەراوردکاری بەناو نیشانی ( صورە مأساە حلبجە بین الشاعرین عبدالاه الصائغ و رفیق صابر. وێنەی مەرگەساتی هەلەبجە لەنێوان عەبدولئیلاە سائیغ و رەفیق سابیر) هەر وامدەزانی نەتەوەی کورد ڕەخنەگریان نییە! لەو مەسەلەیە لە قەیراندان! ئەمەش جارێک بەهۆی کەمی ئەزموونی خۆم بوو لە بوارەکە، جارێکێش بەهۆی ئەوەی یەک دنیا کۆمەڵە و ڕێکخراو و یەکێتی و ئەنیستیتۆ و هتدد.. هەیە، کەچی گرۆپێکمان نییە بەناوی (ڕەخنەگرانی ئەدەبی کورد). وەلحال، لەو یەک دوو ساڵەی ئەخیری بە چڕیی دەستمکرد بە خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی، لەوێوە ئاشنای چەند کتێبێکی بواری “ڕەخنەیی” بووم، تێگەییم کە هیچمان کەمتر نییە لە خەڵکانی دیکە، ئێمەش لە کۆن و نوێ هەر لە ئەحمەدی خانیی و مەلای جزیرییەوە بگرە تا ئەمڕۆ کە ساحەکە کەسانی بەتوانای لەخۆ گرتووە.
ئەوجا ئەوەی من تێبینیم کرد لەو ماوەی خوێندنەوەی ئەدەبی کوردیی، دەبینی گەورەشاعیری کورد (ئەحمەدی خانی1651-1706)هاتووە لە مەم و زینەکەی ئاوڕی لە چەند کێشەیەکی ڕەخنەیی داوەتەوە و بە دەقی شیعری بەیانی کردووە و دەڵێ:
لی ھێڤی دکەم ژ موستەعیدان حەرفان نەگرن ل موستەفیدان
ئەڤ نامە ئەگەر خراپە گەر قنج کێشایە مە دگەل وی دوو سەد رەنج
نەوبارەیی تیفلی نەورەسیدە ھەرچەند نەھن قەوی گوزیدە
لێ من ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع مانەندی دزان بکەن
خانی ئەو ڕاستییەی خستۆتە ڕوو کە دەقی شیعری دوای لەدایکبوونی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، ئیدی داوا لە ڕەخنەگران دەکات کە لەکاتی رەخنەگرتندا ڕەنج و ماندووبوونی شاعیریان لەبەرچاو بێت، ئەگەر کەم و کوڕییەکیش لە شیعرەکەدا ھەبوو ئەوا نەیکەنە بەھانە و بەیەکجاری دەقەکە بە بێسود و بێ کەڵک دابنێن؛ چونکە دەقێک گەر ڕەسەن بێت و دزراو نەبێت وەک ڕۆڵەی شاعیر وایە و لای شاعیر خۆشەویستە، کەسیش پێی خۆش نییە بەخراپی لە منداڵەکانی بڕوانرێت. بەو تێروانینەی (خانی ) مەزن ئاوڕی لە باسێکی ڕەخنەیی گرنگ داوەتەوە ئەویش کێشەی داھێنانە.
لەدوای ئەویش (نالی 1800_1856) دێت بەهەمان شێوە لەچەند بەیتێکی جیاجیا کۆمەڵێک پێوانەی ڕەخنەیی دەخاتەڕوو کە لەبنەما گرنگەکانی ڕەخنەی ئەدەبی سەردەمەکە بوونە لەوانە دەڵێ:
کەس بە ئەلفاڤم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مانا دەکا.
دیارە لێرەدا، نالی روو لەو کەسانە دەکات کە ڕەخنەیان لێ گرتووە و توانجی ئەوەیان لێ داوە کە شیعر بەزمانی کوردی دەڵێت و شیعر نووسینیش بە کوردی بەھرە و ھونەرمەندیی تیایدا نییە، پێیان دەڵێ: کە ھونەرمەندیی لەوەدایە کە چۆن توانیویەتی بەزمانی کوردی ئەو واتا جوان و ناسکانە دەرببڕێت، بەم پێیەش نالی لێرەدا بەو پێوانە رەخنەییە (وشە و واتا) شیعری ھەڵسەنگاندووە کە بەلایەوە بەھای دەق واتای جوان و نوێیە نەک ھەر بەتەنھا وشە و واژەی جوان و زاراوە.
ئەمانە هەمووی هەوڵی ڕەخنەیی زۆر جوان و سەرەتایین، دەکرێت بگوترێت: وەک بناغە و ئەساسێک خۆیان بنیاد ناوە بۆ ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی، ئیدی دوای زەمەنێک و ئەزموون کردنی یەک دوو کاری نووسین و لێکۆڵینەوە بەتایبەت لە (شیعر و ڕۆمان) بینیم ئەوانەی ئەم سەردەمە کە لە بواری نووسینی “رەخنە” تێدەکۆشن و بابەتی ئەدەبی بەپێی داتا و لۆژیکی ڕەخنەیی فلتەر دەکەن، هەوڵەکانیان گەیشتۆتە گەردنی ئاسمان و خۆیشیان وەک ئەستێرە لەجریوە دان، زۆر دڵخۆش بووم و بڕیارمدا ئەوانە ببنە قدووە و قوتابخانە بۆ منی تازەپێگرتوو، لە نێویشیاندا بەڕیز مامۆستا (حەمە سەعید حەسەن) موبالەغە نییە گەر بڵێم لەم سەردەمەی ئێستامان جەنابییان یەکێکە لە قوتبەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی، بەڕای من مامۆستا (حەمەسەعید )رەخنەی لە بازنەی تەنگی “تیۆری”ی ڕزگارکرد و خستییە نێو گۆڕەپانی کردەیی “پراکتیک”. چونکە ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار کتێبی (هونەری چیڕۆک نووسین)ە کەییم خوێندەوە، بارتەقای قوتابخانەیەک بوو، لەوێوە سوودمەندیی بەهرەی ناوازەیان بووین و پشت قاییم وەستاین، بۆیە نەک هەر ڕەخنە هەرچی زانستی دنیایە گەر لەو بازنەیە دەرنەهێنرێت و بە عەمەلی پێشکەشنەکرێت، گەشە ناکات و پێشناکەوێت، گومانیشم لەوەدا نییە هەرکه‌سێك بەتەواوەتی لە چەمکی “ڕەخنە” حاڵی بووبێت، بەرانبەر تێبینی و قسەکانی مامۆستا حەمە سەعید کە زیاتر لە پەنجا ساڵە دەنووسێت، مەحاڵە دڵی گەرد بگرێت.