كارزان گلی – ههولێر
یەكێتیی ئەورووپا، لەبارەی ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان كاڤالا، رێگەی سزادانی توركیای هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، بەڵكو دەیەوێت لەرێگەی دیالۆگەوە توركیا بێنێتە سەربار كە رێز لە هەر بڕیارێك بگرێت كە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەریدەكات.
دادگای ناوبراو، دوو جار بڕیاری دا دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد بكرێن، بەڵام توركیا دەڵێت ئەو بڕیارە بە لای ئێمەوە شەرعیەتی نییە، کەچی توركیا خۆی بە فەرمی ئەندامی دادگاکەیە.
كۆنسەی ئەورووپا، جارێكی تر داوای لە توركیا كرد، دەمیرتاش و كاڤالا، ئازاد بكات، چونكە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەرووی بڕیاری دادگاكانی توركیاوەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا توركیا هیچ وەڵامێكی ئەرێنیی نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، یەكێتی ئەورووپا، نایەوێت بەهۆی ئەوەی توركیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ ناكات سزای بەسەردا بسەپێنن، بەڵكوو دەیانەوێت لەرێگەی دیالۆكەوە توركیا بڕوا پێبهێنن، كە دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد بكات.
پێشتر توركیا چووەتە ژێرباری بڕیاری دادگای ناوبراو، هەروەها لە دەستووری توركیاشدا ئاماژە دراوە، كە هەر بڕیارێكی دادگای ناوبراو دەریدەكات، ئەگەر پێچەوانەی بڕیاری دادگای توركیا بوو، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، جیێبەجێ دەكرێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە تازەترین دیمانەیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێكی ئەمریكی، هێرشی توندی كردە سەر دەمیرتاش و كاڤالا، بەتیرۆرست ناوی بردن، هەروەها ئاماژەی دا كە بڕیاری دادگای توركیا گرنگترە لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا.
ئەنجوومەنی پەرلەمانی كۆنسەی ئەورووپا، دەستی کردووە بە دیالۆگ لەگەڵ توركیادا، بەڵام ئەنجامی دیالۆگەكە تاوەكوو ئێستا روون نییە و بۆ رای گشتی بڵاو نەكراوەتەوە.
بەهۆی ئەوەی، توركیا لەم كابینیەدا دەیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەورووپا ئاسایی بكاتەوە، بۆیە یەكێتیی ئەورووپا، دەیەوێت ئەم سیاسەتە تازەیەی توركیا بە هەل بزانێت بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش و كاڤالا.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و یەكێتیی ئەورووپا، دەیانەوێت سەرەتا دەمیرتاش ئازاد بكرێ و توركیا بڕوا پێ بهێنن لەو ڕووەوە، بەڵام ئەگەر توركیا هەر داكۆكی كرد لەوەی دەمیرتاش ئازاد نەكات و حیساب بۆ بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەكات، بڕیارە لە مانگی 12ی ئەمساڵدا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كۆبوونەوەیەكی فراوان بکات و لەوێدا باس لە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە توركیا دەكەن.
ئەگەر زۆرە، وەكو سزایەك بۆ توركیا، ئەندامیەتیی توركیا لەو دادگایە هەڵپەسێرن و ئیدی توركیا ئەندام نەبێت، ئەمەش بۆ توركیا زۆر خراپ دەبێت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا و ئەورووپا دەبێت، هەروەها وەبەرهێنەرە بیانییەكانیش لە توركیا دەكشێنەوە و لەڕووی ئابووریشەوە گورزێكی گەورە بەر توركیا دەكەوێت.
بەگوێرەی پێشبینی هەندێك نووسەری توركیا، ئەگەر هەیە توركیا، بڕیار لەبارەی ئازادكردنی كاڤالا و دەمیرتاش بدات، چونكە هەوڵەكان چڕ كراوەتەوە و یەكێتی ئەورووپا بۆ خۆی لەسەر هێڵە لەگەڵ توركیا.
پێشتریش ئەردۆغان، تۆمەتی سیخوڕ و تیرۆری دایە پاڵ قەشە برۆنسۆنی ئەمریكی و لە توركیا دەستگیر كرابوو، بەڵام كاتێک ئەمریكا دەستی کردە هەوڵ بۆ ئازادكردنی، ئیدی توركیا چووە ژێر باری ئەمریكا و قەشە ۆنسۆنی ئازاد كرد، بۆیە رەنگە بۆ دەمیرتاش و كاڤالاش ئەم سیناریۆیە ڕوو بداتەوە.