بەکر کەریم حەسەن
نووسەری ئەمریكی پیتەر دراكر، شارەزای بواری كارگێڕی و ئابووری، دەڵێ: “وانەی هەرە گرنگ ئەوەیە تێبگەی كە پۆست و پایە بریتی نییە لە پێدانی دەستكەوت و بەخشینی هێز، بەڵكو سەپاندنی بەرپرسیاریەتییە. بەرپرسیاریەتی بریتییە لە پابەندیی تاک بەرامبەر
بەو کار و ئەرک و پیشانەی كە پێی سپێردراوە و ئەنجامدانی بە ڕاستترین شێوە لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێن بەرپرسیاریەتی بریتییە لە پاراستنی ئەمانەت كە ویژدان بنچینە و بناغەی هەستكردنە بە بەرپرسیاریەتی. لای هەموومان ئاشكرایە بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆرە، ئەوەی دەمەوێ باسی بكەین بەرپرسیاریەتی کارگێڕی پەروەردەییە كە خۆی لە خۆیدا بە كرۆكی هەموو بەرپرسیاریەتییەكان دادەنرێت، چونكە لە پەروەردەوە مرۆڤ بنیات دەنرێ و بەرپرسیاریەتی لە بنیاتنانی مرۆڤ ئەركێكی ئاسان نییە، بەڵكو بە خاڵی وەرچەرخان و سەرهەڵدان دادەنرێ لە ویژدانیەتی مرۆڤایەتی و چاكەكاری ڕەوشت و دەوەستێتە سەر
بنەمای پەروەردە و ڕەوشتی كەسەكان. گرنگە و پێویستە هەر كەسێك كە بەرپرسیاریەتی كارگێڕیی هەبێ لە دامودەزگا پەروەردەییە جۆراوجۆرەكان تایبەت قوتابخانەكان و ئەوانی تر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ مامۆستا و قوتابیان و كۆمەڵگە بەوپەڕی متمانەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ كارەكانیان بكەن و، ئامانەتپارێز بن و كەسایەتی بەهێز و هاوسەنگیان هەبێت و هاوتەریب بن و ئەوپەڕی پابەندبوونیان هەبێت بە بنەما سەرەكییەكانی پەروەردە و تێگەیاندن و پێگەیاندنی تاكەكان، دوور بكەونەوە لە گلەیی و لۆمەكردن، سەركردە بن بە مانای وشە و هەردەم خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوایەتی و پەروەردەیی بن و دڵفراوان و دووربین بن و خۆیان بەدوور بگرن لە ڕق و كینە، بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و ئامانجە گشتییەكانی كۆمەڵگە بەدەست بهێنن، سوور بن لەسەر پاراستنی دەستكەوتەكان و باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە گشتی، هەردەم ئامۆژگاریی ئەوانی تر بكەن و فەرمان بكەن لەسەر چاكەكردن و دوور بكەونەوە لە هەموو خراپە و زیان گەیاندنێک بەوانی تر، هەرگیز ڕێگە نەدەن كەمتەرخەمی و تەوەزەلی لە كارەكان هەبێت، بەوپەڕی دڵسۆزی و ئازایەتی و لە خۆبوردووییەوە، بە پیر كارەكانەوە بچن و ئەنجامیان بدەن بە باشترین شێوە و هەردەم سۆز و خۆشەویستی ببەخشن بەرامبەر بەوانی تر و گرنگی و بایەخیان پێ بدەن و جیاوازی نەكەن و خۆیان بە شای ڕەها و بێسنوور نەزانن، دەبێ لەوە تێبگەن هەموو بەرپرسیاریەتییەک ئامانەتە تایبەت بەرپرسیاریەتی پەروەردەیی بە كرۆک و ناواخنی ئامانەت و ویژدانزیندوویی دادەنرێ، چونكە پەروەردە بە گشتی خاوەنداریەتییەکەی بۆ كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە. لە بیرمان نەچێ هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و خۆ بە خاوەن زانین و نەترسان و متمانەبەخۆبوون و پابەندبوونی تەواو بە هەر بەرپرسیاریەتییەك خاڵی سەرەتای بەدیهێنانی ئامانجەكان و بەدەستهێنانی سەركەوتنەكانە، كە لە ئەنجامدا كۆمەڵگە ئاسوودە
و بەختەوەر دەبێت و وڵاتیش ئاوەدان و پێشكەوتوو دەبێت.