دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایەک لە سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدڕاڵی بەمەبەستی وردبینی کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامەى باڵاکان زانکۆکانی هەرێم، کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کۆبوونەوە و تێیدا هەردوولا پشتیوانى و هاوکارییەکانیان بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکە دووپاتکردەوە.

لە کۆبونەوەکەدا سەرجەم کێشەو گرفتەکانى بەردەم پڕۆسەکە تاوتوێکران و رێگەچارەى چارەسەرکردنیان بۆ دیاریکرا، بۆ ئەمەش وا بڕیارە لەماوەى یەک هەفتە وردبینى کردن لە کۆى پرۆسەکە کۆتاى پێبهێنرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارى سەرجەم سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان دەکات، کە یاساکانى ژمارە (59) و (67) دەیانگریتەوە بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکى حکومەتى فیدڕاڵی، پێویستە سەردانى ئەم بەستەرە (confirm.iraqi-fpsc.gov.iq) بکەن، بەمەبەستى وردبینى کردن وهەڵەچنینى داتاکانیان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر راستى و دروستى ئەو داتایانەى لە فۆرمەکانیان داتا کراوە.

هەروەها هەر دەرچووێک ئەگەر هاتوو لە داتاکان کێشەى هەبێت و نەتوانێت چارەسەرى بکات دەتوانێت لە رێگەى ئێمێڵى وەزارەت ([email protected]) وێنەیەک لە داتاکەى خۆى بنێرێت و هەڵەکان دەستنیشان بکات بەمەبەستى راستکردنەوەى.

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارى دەرچووان دەکاتەوە هەر دەرچوویەک دواى ئەوەى سەرجەم داتاکانى راست و دروست بوو، پێویستە داتاکان لە فۆڕمى ئەلیکترۆنى داتا بکات و پەسەندى بکات و بینێرێت، بۆ ئەوەى بێ بەش نەبێت لە دامەزراندن و بەستەرەکە تاکو سبەى سێشەممە کاتژمێر 12ـی شەو کاراییە بۆ دەرچووان.

رۆژی (20ـی ئەیلوولی 2023)، بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند،  لە ئێستادا کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی عێراق کارایە و تا 24ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکات بەم زووانەش کۆدی دەرچووانی هەرێمی کوردستان کارا دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوەدا، سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، ئەوانیش کۆدەکانیان بۆ نێردرابوو بەڵام کارا نەبوو، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تیمێکی هونەری ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها ئەو تیمە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاووتوێکردنی چالاكکردنی کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کۆدەبێتەوە.

بەختیار حاجی حەمەد، هەروەها راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی تیمی هونەری ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی و وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کارا بکرێت، ئەو کارابوونەش  بۆ ماوەی نزیکەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

بەرێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هەموو  سێ یەکەمی زانکۆکانی هەرێم کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، ئەوانەی کۆدیان وەرگرتووتەوە دڵنیا دەکاتەوە کە مافیان زامنکراوە.