ئێواره‌یه‌كی په‌مه‌یی

هه‌نار موفتی

ئێواره‌یه‌كی په‌مه‌یی بوو
بۆت ئه‌گه‌ڕام
بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆ
په‌نجه‌ ته‌زیوه‌كانم
دڵی شكاوی ئومێدیان
دا ئه‌گیرساند!
ترس و گومانه بێ ڕه‌نگه‌كان
بێ هیوایی ته‌مه‌نی دوێنێ و ئه‌مڕۆیان
به‌ره‌و فه‌نابوونی عه‌ده‌م ئه‌برد
ئه‌وه‌ من بووم
به‌ رۆیشتنی تۆ پێكی ژه‌هری پڕ ئه‌ندێشه‌م ئه‌نۆشی
هه‌موو شه‌وێ
به‌ وشه‌ و شیعر
خه‌ونه‌ به‌دینه‌هاتوه‌كانی
باوكم و…
ئازاره‌ نه‌بڕاوه‌كانی دایكمم
له‌سه‌ر سینگی بیره‌وه‌ریه‌كاندا
ئه‌نووسیه‌وه‌!!
به‌ ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كانم
حه‌سره‌ت و تارماییه‌كانی
هه‌موو ته‌مه‌نم، ئه‌سڕیه‌وه‌!
ئه‌وه‌ من بووم
سێبه‌ری ژێر دارتووه‌كانم
ئه‌كرد به‌جێ ژوان!
بۆ نۆبه‌ره‌ی ماچ
باوه‌شم به‌ وجوددا ئه‌كرد
تا له‌ به‌رچنه‌ی خۆشه‌ویستی
خاڵی ئه‌بوون
پێش ماڵئاوایی حه‌زه‌كان!!
وه‌لێ ئێستا
له‌ناو سه‌ركێشی ژیان و مردندا
نمایشی مه‌رگ ئه‌كه‌م
ئه‌وه‌ منم بیرت ئه‌كه‌م
ئه‌وه‌ منم بۆت ئه‌گه‌ڕێم
شار به‌ شار و…
ماڵ به‌ ماڵ و…
كوچه‌ به‌ كوچه‌ی كۆڵان
نه.. ئه‌تدۆزمه‌وه‌!
نه‌.. پێت ئه‌گه‌م!

ھەواڵی زیاتر