مەلا بەختیار، سەرکردەی دیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆنگرەی یەکێتییەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی بۆ ئەندامییەتی کۆنگرە دەرچوون، بە مافی دیموکراسی خۆیان دەرنەچوون بە راسپاردە و رێوشوێنی تایبەتی دەرچوون.
رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، مەلا بەختیار، رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناکات و ئۆباڵی بەشداری نەکردنی خۆی و ژمارەیەک لە سەرکردەی دیاری یەکێتی دەخاتە سەر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی.
لەبارەی پرۆسەی دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەکە، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی بۆ کۆنگرە دەرنەچوون، “کەڕامەتی سیاسی خۆیان نەفرۆشتووە” و هەروەها گوتی، “ئەوەی کراوە هەڵبژاردن نییە دەستنیشانکردنە و رێگەنەدراوە کەسانی ماندوو و دڵسۆزی یەکێتی بۆ کۆنگرە دەرچن”.
مەلا بەختیار ئاشکرایکرد، کە ناکۆکی زۆر لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی هەیە و هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ ئەوەی کۆنگرە بەشێوەیەک بەڕێوەبچێت کە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.
هەروەها مەلا بەختیار جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جیاوازییان هەیە لەسەر دەسەڵات و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندیی سیاسیی یەکێتی و باسی لەوەکرد، لە هەوڵی ئەوەدان ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ 25 تا 31 کەس زیاد بکەن بەبێ ئەوەی بۆچوونی ئەوان وەربگرن.
هاوکات مەلا بەختیار باسی لەوەشکردووە، پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆنگرە ئامادەکاری باشی بۆ دەکرد و رەخنە و تێبینییەکان کۆدەکرانەوە و دواتر گفتوگۆی لەسەر دەکرا و لە کۆنگرە پەسەند دەکرا، بەڵام بۆ ئەم کۆنگرەیە تەنانەت سەرکردایەتی یەکێتی ئێستا پابەندی پەیڕەوی ناوخۆش نەبووە کە لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەنگی لەسەر دراوە.
مەلا بەختیار رەخنەی لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی گرت و رایگەیاند، پەیڕەوکردنی ئەم سیاسیەتەی ئێستای یەکێتی بێ پاساوە و تێکۆشەرەکانی خۆی فەرامۆشکردووە و لە هەڵبژاردنەکانی رابردووش دەرکەوتووە، دەنگەکانی یەكێتی بەشێوەیەکی زۆر دابەزیوە.
لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بڕیاردرا رۆژی (27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە شاری سلێمانی ببەسترێت