ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆزی کەیڤ بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
لەو دیدارەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بەریتانیای کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
ئاماژە بەوەشدراوە، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.