ئەمڕۆ 250 ملیار دیناری دیکەی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 25/9/2023، لەلایەن بانکی رەشید 250 ملیار دیناری مووچەخۆران هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
دوێنێ 24ی ئەیلوولی 2023، لەلایەن بانکی رافیدەین 250 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر دوێنێ وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەیبڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ بە دابەشکردنی وەزارەتی تەندروستی دەست پێدەکات.
بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی تی بی ئای بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەرسێ بانکی رەشید، تی بی ئای و رافیدەین/ لقی هەولێر، وەک قەرز دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.