لە دەواری قەرەجێکدا

حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی

قەرەج نیم و..
گەر بە قەرەجم دەزانی
کوا دەوارم؟
کوانێ تانجی و ئەسپ و بارم
گەر قەرەجم
کوانێ ڤیزە و ناونیشانم
کوا ڕەشماڵ و ئاگردانم؟!
گەر قەرەجم
کوا پەنجەی کوتراوی شۆخ و
تیرۆک و بێژنگی یارم؟!
قەرەج نیم و گەر قەرەج بام
خاکەڕاییم لێ دەچۆڕا
ئەسپی شادیم،
لە زینی خۆی نەدەتۆرا
قەرەج نیم و گەر قەرەجبام
ئیرەییم بەوان نەدەبرد
خۆ هەر نەبێ فێردەبووم چۆن
لە جوگرافیای بیری خۆما
غیرە بە ئاودا بدەم
چاوچنۆکیم
مێکوکی ژێر گۆزەی شکاوبێ
فێر دەبووم چۆن لە هزرمدا بیری تۆڵە
ئێسک و پرووسکی نێچیرێکی بەجێماوبێ
قەرەج نیم و..
هەزار ئەفسووس
گەر قەرەج بام
دەمگۆڕیەوە
سەمای پەنجەی چڵکن و..
گڕووی شمشاڵی ئێوارە
بە نیگای پڕ لە ئەفسوونی.
هەرچی شۆخی ژێر دەوارە.

ھەواڵی زیاتر