سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هێلکۆپتەرێکی سەربازیی سوپای عێراق کەوتە خوارەوە

فڕۆکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق، بەهۆی رووداوێکی تەکنیکییەوە لە پارێزگای واست کەوتە خوارەوە، بەو هۆیەوە تیمی فڕۆکەوانەکە برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی مەشق و راهێنان، لە جۆری “بیڵ 407” لەکاتی مەشق و راهێناندا لە کۆلێژی فڕۆکەوانی سوپای عێراق، لە پارێزگای واست کەوتە خوارەوە و تیمی فڕۆکەکەش برینداربوون.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئیرەم نیوزی راگەیاند، “ئەو فڕۆکەیەی بە دوو ئەفسەری فڕۆکەوانەوە گەشتی کردووە و لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەیدا هەردوو ئەفسەرەکە برینداربوون، دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریخستووە کە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی تەکنیکییەوە بووە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە بەردەوامە”.

رووداوەکانی کەوتنە خوارەوەی هەندێک لە فڕۆکە سەربازییەکانی سەر بە سوپای عێراق دووبارە دەبنەوە، لە کاتێکدا دڵنیا دەکرێنەوە لە پێویستی چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە بۆ رێگریکردن لەو حاڵەتانە.